وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت بۆ مووچەی مانگی چوار داوای 970 ملیار دیناریان لە بەغدا کردووە و دەبێت وەزارەتی دارایی عێراق لەم هەفتەیەدا بینێرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵی ڕووداو ڕایگەیاند، “ئەوەی پەیوەستە بە ئێمەوە لە ناردنی لیستی مووچە و بابەتی میزانی موراجەعە و ئەوانەی پێویستە کردوومانە، بەڵام هۆکاری دواکەوتنی مووچەکە وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵە.”
ڕوونیشیکردەوە، کە ئەم مانگە 970 ملیارمان داوا کردووە، بەڵام عێراق نزیکەی 20 ملیارێکی لێ دەبڕێت کە بەشی خانەنشینانە.
هونەر جەمال سەبارەت بە کاتی ناردنی مووچەش ڕایگەیاند،”بە هەموو پێوەرەکان دەبێت ئەم هەفتەیە وەزارەتی دارایی عێراق مووچە بنێرێت.”
بە پێی لێدوانی بەرپرس و پەرلەمانتارانی هەرێمی کوردستان دەبوو هەفتەی ڕابردوو پارەی مووچە بگەیشتایە، بەڵام تا ئێستاش ڕەوانە نەکراوە.