ئهنجوومهنی وهزیرانی ههرێمی كوردستان ڕەزامەندیی دەدات لەسەر گواستنەوە و تەنسیب كردنی فەرمانبەران بۆ سەر میلاكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی گەرمیان سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم.
ئهنجوومهنی وهزیرانی هەرێم لە گشتاندنێكدا بۆ گشت وهزارهت و دەستەكان، ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر گواستنەوە و تەنسیب كردنی فەرمانبەران بۆ سەر میلاكی كۆلێژی پزیشكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی گەرمیان.
ڕوونیشی كردۆتەوە، هرە فەرمانبەرێك لە هەر وەزارەت و دەستەیەك دەیەوێت ڕاژەكەی بگوازرێتەوە بۆ زانكۆی ناوبراو پێویستە داواكارییەكەی بۆ وەزارەتی خوێدنی باڵا بنێردرێت و دواتر بەشێوەی لیست بەرزبكرێتەوە بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ بڕیاردان لەسەری.
زانكۆی پۆلیتەكنیكی گەرمیان پێویستی بە دەیان پسپۆڕی هەیە، بەتایبەت پسپۆری پزیشكی لە بوارە جیاوازەكان، هەروەها فەرمانبەری كۆمپیوتەر و شارەزای زمانی ئینگلیزی و پزیشكی فریاكەوتن و چەند بوارێكی دیكە.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران، كە ساڵی ڕابردوو بۆ وەزارەت و فەرمانگەكان نێردراوە، نابێت هیچ داواكارییەك بۆ گواستنەوەی ڕاژە بۆ سەر ڕاژەی خوێندنی باڵا بەرزبكرێتەوە، تەنها بۆ ئەو حاڵەتانە نەبێت، كە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی لەسەر دەدات بۆ پڕكردنەوەی كێشەی ڕاژە.