پەیمانگەی نیشتمانی بۆ توێژینەوەی فەلەكناسی و جیۆفیزیكی لە میسر یەكەم ڕۆژی مانگی زیلحیجە دیاری دەكات و ڕایدەگەیەنێت، 15ی حوزەیران دەبێتە ڕۆژی وەستانی حاجییان لە عەرەفە و ڕۆژی یەك شەممە دەبێتە یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربانی ئەمساڵ.
د. تەها ڕابح، سەرۆكی پەیمانگەی نیشتمانی بۆ توێژینەوەی فەلەكناسی و جیۆفیزیكی لە میسر ڕایگەیاندووە، سەرەتای مانگی زیلقیعدەی ساڵی 1445ی كۆچی، لە ڕووی فەلەكییەوە هاوكات دەبێت لەگەڵ ڕۆژی پێنج شەممەی داهاتوو (9ی ئایاری 2024) و بەوەش مانگی زیلقیعدە 29 ڕۆژ دەبێت.
ڕاشیگەیاندووە، هیلالی مانگی نوێ (زیلحیجە) بۆ ماوەی 31 خولەك دوای ڕۆژئاوابوون لە مەككە دەمێنێتەوە، هەروەها لە قاهیرە بۆ ماوەی 38 خولەك، لە شارەكانی تری وڵاتانی عەرەبی، مانگی نوێ بۆ ماوەی نێوان ٣٢-٤٠ خولەك دەبینرێت.
ئاشكراشی كردووە، سەرەتای مانگی زیلحیجەی ساڵی 1445ی كۆچی لە ڕووی فەلەكییەوە دیارە یەكەم ڕۆژی 7ی حوزەیران دەبێت و بەوەش دەتوانرێت جەژنی قوربان دیاری بكرێ.
سەرۆكی پەیمانگەی نیشتمانی ڕوونیشی كردۆتەوە، پێویستە مسوڵمانان بزانن ڕۆژی وەستانی حاجییان لە عەرەفات لە ڕووی فەلەكییەوە ڕۆژی شەممە 15ـی حوزەیران (9ی زیلحیجە) دەبێت و ڕۆژی یەك شەممە 16ی حوزەیران (10ی زیلحیجە) دەبێتە یەكەم ڕۆژی جەژنی قوربان لە ڕووی فەلەكییەوە.