شۆڕشی زانكۆكان و چەند سەرنجێك!



د. سەعید علی محمد – مامۆستای زانکۆ

دوابەدوای پەرەسەندنی ناڕەزایەتییەكانی قوتابیانی زانكۆكانی ئەمریكا كە داوای وەستاندنی پەلامارەكان دەكەن بۆ سەر غەززە و داوای ڕاگرتنی یارمەتییەكانی ئەمریكا دەكەن بۆ قەوارەی جولەكە، هەروەها بایكۆتكردنی ئەو كۆمپانیانەی یارمەتی تەلئەبیب دەدەن.

ئەو ناڕەزایەتییانەی کە لە زانكۆی كۆڵۆمبیا دەستیانپێكرد و ٣٠ زانكۆی ئەمریكای گرتەوە و دەیان زانكۆی گەوورەی جیهانی تریش لە فەڕەنسا و بەڕیتانیا و ئۆستۆڕالیا تا ئەم لەحزە لە گەرمەی شەپۆلی ڕێپێوانەكاندان، لەسەر ئەم ڕێپێوانانە نوسەرێكی ناوداری ئەمریكی دەڵێت: ئەمریكا پارچەپارچە دەبێ، یەكێكی تر نوسیویەتی: ئەمریكا بەرەو گۆڕانكاریی دەڕوات.

نوسەرێكی تر دەڵێت: ئیسرائیل بۆتە بارێكی قورس بەسەر ئەمریكاوە.

ناڕەزایەتییەكانی قوتابیان لە زانكۆكانی ئەمریكا یەكێكە لە ڕووداوە هەرە گرنگ و نەوعیی و كاریگەرەكان كە لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا ڕەنگدانەوەی بەهێز و ڕاستەوخۆی هەبووە و هەیە  لەسەر سیاسەتە نێوخۆیی و دەرەكییەكانی ئەمریكا!

بۆ نمونە ئەو ناڕەزایەتییانە یەكێكبوو لە پاڵنەرە سەرەكییەكانی كۆتایهێنان بە شەڕی ئەمریكا دژ بە ڤێتنام لە ساڵی ١٩٦٠، هەروەها فاكتەرێكی سەرەكی دەركردنی یاسای قەدەغەكردنی جیاوازی كردنبوو لەگەڵ ڕەش پێستەكاندا، ئەو ڕێپێوانانە گڕوتینێكی زۆرتری دایە بواری بەرفراوانكردنی زیاتری ئازادییە مەدەنییەكان لە ئەمریكا لە ساڵی ١٩٧٠، لە دەرەوەی ئەمریكاش هەر ڕێپێوانی قوتابیانی زانكۆكانی ئەندەنوسیابوو سۆكارنۆی لە دەسەڵات دوورخستەوە، ئەمە جگە لە ڕۆڵ و گرنگی زانكۆكانی وڵاتانی عەرەبی لە دروستكردنی بەهاریی عەرەبی.

ئەڵبەتە لەگەڵ ئەوەدا كە هێشتا زووە بڕیار لە داهاتووی شۆڕش لە زانكۆكانی ئەمریكا و ئەوروپا و وڵاتانی تری جیهان بدرێت، بەڵام  ناكرێت ئاماژە گرنگەكانی پشت ئەو ڕووداوە گرنگە لە ئاست ئەمریكا و جیهان و وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیش فەرامۆشبكرێن، كە دەكرێت ئێمە لێرەدا بە كورتی ئاماژە بە هەندێكیان بكەین:

ئەم ڕێپێوانانە ئاماژەن بۆ ڕوودانی گۆڕانكاریی گەورە و بەرفراوان لە پێكهاتە و میزاجی كۆمەڵایەتی و سیاسی گشتی لە ئەمریكا، ئەم ناڕەزایەتیانە دەكرێت ئاماژەی بەهێزبن بۆ دیاریكردنی جۆری بیركردنەوە و ئاڕاستەی ڕای گشتی لە ئەمریكا و ئەوروپا، پەرەسەندنی خێرای ئەو ڕێپێوانانە تەنها لە چەند ڕۆژێكی كەمدا و پشتیوانیكردنی لەلایەن ژمارەیەكی زۆری مامۆستا ناودارەكانی زانكۆكانی ئەمریكا و ئەوروپا و قوتابییەكانیان و هەندێ لە سیاسەتمەدارە گرنگە كاریگەرەكانی جیهانەوە ئەوەمان پێ دەڵێت، کە ئەمریکاو ئەوروپا لەبەردەم وەرچەرخانێكی جەماوەریی بەرفراوانی گەورەی نەوعیدان لە پشتیوانیكردنی قەوارەی جولەكەوە بۆ ڕیسواكردنی ئەو قەوارەیە، ئەو پشتیوانییە خەیاڵییەی كە پشت ئەستووربوو بە سوپایەك لە سیاسەتمەدار و هێزی لۆبیی و میدیا و دامەزراوەكانی توێژینەوە، ئێستا خەریكە بەرەو لاوازبوون و هەڵوەرین دەڕوات!

ئەم ڕێپێوانانە بەو پێیەی لە چەندین زانكۆی گەورە و ڕەسەن و بەناوبانگی وەك هارڤارد و جۆرج واشنتۆن و زانكۆی یێڵ، لە قوڵایی نێو چینی نوخبەی مەعریفی و ئەكادیمییەوە سەرچاوەیان گرتووە، كە لە ئاستێكی بەرزی هۆشیاری سیاسیدان و گومان لە مەبەست و پاڵنەر و ئامانجی هاتنیان بۆ نێو شەقامەكان ناكرێت، ئەمە دەرخەری ئەوەیە كە بەرەكانی جەنگی ئێستا وەك بەرەكانی جەنگی عەرەب – ئیسرائیل نییە لە ڕابردوودا.

بەرەكانی ئەمڕۆ تەنها بەرەكانی ڕووبەڕووبونەوەی ڕاستەوخۆ نییە، بەڵكو ئەو بەرانە پەلیان بەرەو ئەكادیمییەكان و سۆشیال میدیا و نوخبە ئەكتیڤە بەهێزەكەی كۆمەڵگە هاویشتووە! واتە ئەگەر ئەمریكا و ڕۆژئاوا بە سیاسەتەكانی خۆیاندا نەچنەوە و بەدەم داواكاری ڕێپێوانەكان و ناڕەزایەتییەكانەوە نەچن، ئەوا تسۆنامیەكی ڕاستەقینە بەڕێوەیە كە زۆر مەترسیدارتر و كاریگەرترە لەسەر داهاتوو!

شۆڕشی زانكۆكانی ئەمریكا ئەوەی سەلماند، كە هەمیشە كۆمەڵگە هۆشیار و بەهێز و تۆكمەكان زامنكەری ڕێزگرتنی مافەكان و دەستوورەكان و یاساكانە و قەڵایەكی بەهێزە دژ بە خۆسەپاندن و دیكتاتۆرییەت، وڵاتانی ڕۆژئاواش هەمیشە هەوڵیانداوە لە وڵاتانی ئێمەدا ئەو كۆمەڵگە بەهێز و یەكپارچە و تۆكمانە دروستنەبن و نەیەنە كایەوە و بەردەوام پشتیوانی دیكتاتۆرەكانیان كردووە لەپێناو مانەوەیان لەسەر تەختی دەسەڵات، هەر ئەمەش بوو قەوارەی جولەكەی هەراسانكرد چونكە پرسی غەززە گەیشتە ئەو كۆمەڵگە تۆكمە و هۆشیارو بەهێزانە!

دەمەوێت بڵێم  مامەڵەی توندی پۆلیس لەگەڵ قوتابییان و دەستگیركردنیان و بڵاوەپێكردنیان بە زەبری توندوتیژی نیشانەی ئەوەیە ئەگەر ئەو وڵاتانە خاوەن كۆمەڵگای یەكگرتوو و دەزگا و دامەزراوەی یاسایی بەهێز نەبوونایە ئەوا مامەڵەی دەسەڵات و سەركردەكانیان هیچی كەمترنەبوو لە مامەڵەی دەسەڵات و سەرکردەكانی وڵاتانی جیهانی سێیەم! ئەمەش ترامپی سەرۆكی پێشووی ئەمریكا ماوەیەك بەر لە ئێستا دانیپێدانا كاتێك باسی عبدالفتاح سیسی سەرۆكی میسری كرد و بە “دیكتاتۆرە باشەكەی خۆم” وەسفیكرد، واتە ترەمپ ڕاشكاوانە گوزارشتی لە ناخ و دەروون و عەقڵیەتی ڕاستەقینەی زۆرێك لە سیاسەتوانە فەرمانڕەواكانی خۆرئاوا كرد كە لە ناخیاندا ئارەزووی خۆسەپاندن و سەركوتكردن هەیە، ئەگەر بۆشیان بچێتەسەر بێ هیچ سڵەمینەوە و گوێدانە بەها و پێوەرێكی ئەخلاقی و سیاسی و یاسایی بەسەر گەل و نەتەوەكانیاندا جێبەجێیدەكەن.

دوای ئەوەی چەندین سەدەیە لۆبی زایۆنی كۆنتڕۆڵی زانكۆكانی خۆرئاوای كردووە و لەڕێی ئەو زانكۆیانەوە ڕەواج بە ڕیوایەت و سەردییەتی ئیسرائیلیانە دەدات لە داگیركردنی فەلەستین، بەڵام شەڕی غەززە و شۆڕشی ئێستەی ئەو زانكۆیانە ئەو پەیامەی گەیاند، كە ڕیوایەت و سەردییەتی ئیسرائیلیانە مردوو كۆتاییهات، هەروەها فێڵ و تەڵەكە و خەڵەتاندنی گەلانی ڕۆژئاوا لەلایەن سیاسییەكانەوە كۆتایی هات!

نەوەی زانكۆ و تازە پێگەیشتووەكان ئەوەیان بۆ ڕوون بوەوە كە زایۆنیزم تا چ ڕادەییەكی خەیاڵی و بێ سنوور لەنێو سیاسەت و ئابووری ئەمریكادا ئامادەیی قوڵ و كاریگەری هەیە، ئەگەرچی لەسەر حیسابی ئەمریكا و بەرژەوەندی ئێستا و داهاتووشی بێت، بۆ سەلماندنی ئەم ڕاستییەش دەكرێت ئەنجامی ڕاپرسیی (ناوەندی ڕاپرسیی ڕای گشتی ئەمریكی – byu) بەبەڵگە بهێنینەوە كە ئاشكرای كرد ٪٦٠ گەنج و لاوە ئەمریكییەكان كە تەمەنیان لەنێوان ١٨ بۆ ٢٩ ساڵ دەبێت، دژی قەوارەی جولەكە و پەلامارەكانینی بۆ سەر غەززە و گەلی فەلەستین.

شەڕی غەززە و پەلامارەكانی جولەكە درێژكراوەی ڕووبەڕووبونەوە ئایدۆلۆژیەكانە و شەڕی دژایەتی كردنی بەها مرۆییەكانە،  كە ئەمەش هیزری بەشێكی زۆری زانا و بیرمەندەكانی جیهان و وڵاتانی ئیسلامی سەرقاڵ كردووە، ئاشكرایە پێش ڕوودانی تۆفانی ئەقسا هەموو جیهان بە پرسی ڕەواجدان بە لادانی سێكسی وبەرگریكردن لە هاوڕەگەزبازی و بڵاوكردنەوەی ناوەڕۆكی جەندەری كۆمەڵایەتی و لێدان لە بنەما و كۆڵەكەكانی خێزان و كۆمەڵگە سەرقاڵ بوو بوو، ئەمانەش هەمووی لەپێناو دەرچوون و دەرباز بوون لە سیستەمی بەها ئایینی و مرۆیی و ئەخلاقیەكان كە سەرتاسەری جیهان هەر لە ئادەمەوە تا ئەمڕۆ ژیانی لەگەڵدا كردوون و لەگەڵیدا ڕاهاتوون.

تۆفانی ئەقسا و ئاسەوارەكانی دوای خۆی كە ڕێپێوانی زانكۆكان بەشێكە لەوانە، جارێكی تر مشتومڕی ئەو پێشنیار و بیرۆكانەی گەرمكردەوە، شەڕی غەززە جارێكی تر ئەو پرسیارەی وروژاند، كە ئایا شارستانیی خۆرئاوا بەو هەموو ئەفكارانەوە چی پێشكەشكردووە؟

ئایا ئەو بیرۆكانە تا ئەمڕۆ بەكوێ گەیشتوون و چ ئاكامێكیان پێشكەش بە مرۆڤایەتی كردووە لەڕووی ڕۆڵی مرۆڤ و نرخ و بەهاكانیەوە؟

ئێستاش لە سەروبەندی سەرهەڵدانی شۆڕشی زانكۆكانی ئەمریكا و جیهان، ئەركی گەورەی زانا و بیرمەند و ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە و زانكۆكانە لە جیهانی ئیسلامی و عەرەبیدا ئەفكار و تێڕوانین و سەرنجی نوێ پێشكەشبكەن كە توانای ڕووبەڕووبونەوەی ئەو مەعرەكە گەورەیەیان ببێ، تاوەكو خوێنی گەلی فەلەستین و شەهیدەكانی و ئەو هەموو قوربانییەی پێشكەشیان كردووە لە ڕابردوو و لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا بەتایبەتی بەفیڕۆ نەڕوات.

بەم زووانە “قاوەی دەستکرد” دەچێتە بازاڕەوە
پێت بەم زووانە “قاوەی دەستکرد” دەچێتە بازاڕەوە
هاتووچۆی هەولێر هۆشداری بە شۆفێران دەدات
دوات هاتووچۆی هەولێر هۆشداری بە شۆفێران دەدات
پەیوەندیدر