لە نێوان تەوتین و هەژماری ئەوان، چاوەڕوانی زیاتر…!



عەبدولواحید محەمەد- نوسەر

 

لای هەموو لایەک ئاشکرایە، لە پاش پرۆسەی بەناو ئابووری سەربەخۆ، مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران کەوتە دەست قەدەر و بێنە و نییەی حکومەتی هەرێم، بە شێوەیەک هیچ مانگێک نەبووە بە بێ کێشە درابێت، دواکەوتن و پێنەدان سیمای هەرە سەرەکی ئەو ماوە دوور و درێژە بوو کە خۆی لە ١٠ ساڵ زیاتر داوە.

لە ژێر هەژموونی ئەو شێوە مامەڵە کردنە مووچە ببووە موژدانە و پێخۆری ڕاگەیاندنەکان بە بینرا و بیستراو و نوسراوەوە، واتە بەردەوام سەردێری باس و خواسەکان و بازاڕیشی پێگەرمکراوە، ئیتر هەر لایەنە و دەزگایەک بۆ خواستی سیاسی یان تایبەتی خۆی، حکومەتی هەرێم بەوەشەوە نەوەستا، لە ٢٠١٦ەوە پاشەکەوتی زۆرە ملێی دوور لە هەموو ئیتیک و یاسا و ڕێسا کارپێکراوەکانیان هێنایە سەر کە بە لای کەم لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا، لە هیچ وڵاتێک شتی وانەبووە، جگە لە دەسەڵاتی فەڵەستینی کاتێک شۆڕشی بەردهاوێژییان پەیڕەوکرد.

ئیسرائیل توڕەبوو و ماوەیەک پێدراوە داراییەکانیان ڕاگرت، ناچار دەسەڵاتی فەڵەستینی ٦٠% مووچەی پاشەکەوت کرد، بەڵام دوای چەند مانگێک کێشەکەیان چارەسەربوو، پێدراوە داراییەکانی فەرمانبەرانییان گەڕاندەوە، بەڕاستی بەو پاشەکەوتە قێزەونە بە یەکجاری گۆمەکەیان شڵەقاند و بە تەواوی لیخنیانکرد، بە داخەوە یەک کەس لەم هەرێمە نەماوە بە دەست ئەو پڕۆسە بەدناوە گرفتار نەبووبێت، تەنها خۆیان نەبێت کە هەموو شتێک لە بڕانە بۆیان، لەسەر حیسابی ئەو میللەتە بەش مەینەتە، مخابن بە غەدری پاشەکەوتیش تێراونەبوون لێبڕینیشیانکرد، ئەمە و سەرباری پێنەدانیش کە تا ئێستا ١٢ مووچەی تەواویان نەداوە، ٤٤ مانگیش پاشەکەوت و لێبڕینکراوە.

ئەوەی جێگەی حەیف و تێڕامانێکی قوڵە، لە بری هەوڵدان بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخە شڵەژاوە، کۆمەڵێک دروشمی ئاڵاوواڵا و ڕەنگاوڕەنگ بە کۆمەڵانی خەڵک دەفرۆشنەوە، وەک ئەوەی تەنها مامۆستایان و فەرمانبەران لە ڕابردوودا کەمتەرخەمیان نواندووە، ئێستا دەبێت بەرگەبگرن و باجبدەن، لەکاتێکدا کۆمەڵانی خەڵک زۆرباش دەزانن، کێن ئەوانەی قوربانی بێشوماریان داوە کە بێگومان مامۆستایان و فەرمانبەران بە مسۆگەری لە نێو ئەوانەدان، کێشن ئەوانەی لە نێو پێخەفی گەرم و سەرینی پڕ دۆلار و دینارەوە بوون و لە پڕێکەوە خۆیان کرد بە خاوەنی سەرخان و بنخانی ئەم میللەتە.

مخابن سەرباری ئەو هەموو ئازار و دەردەسەریە، هێشتا نەفەسێک هەیە لەم هەرێمە دەیەوێت ئەم دۆخە نەخوازراوە بەردەوامبێت و خەڵک لە گیانەڵڵادا بژی، ئەوەتا دوای هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆری خەڵکی دڵسۆز و مامۆستایان و فەرمانبەران، دادگای باڵای فیدڕاڵی بڕیاری ئەوەیدا، لێرە بە دواوە دەبێت حکومەتی ناوەند مووچەبدات و تێکەڵای هیچ پرسێکی لاوەکی نەکرێت، هەر لە بڕیارەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە دەبێت مووچەکان لە بانکە فیدڕاڵیەکان بەنیشتمانی ((تەوتین)) بکرێت، کەچی لەو سەروبەندەدا حکومەتی هەرێم (هەژماری ئەوان)ی داهێنا و هەوڵی ئەوە دەدا بە زۆریش بێت مامۆستایان و فەرمانبەران ناچاربکات بەشداربن.

ئەوەندەی من بە دواداچونم کردبێت زۆربەی موچەخۆران نیگەرانن لەم کەین و بەینە و لێیان ڕوون نییە ئەو هەژمارە بۆچیە و ئەنجامەکەی چی دەبێت؟ چونکە حکومەتی ناوەند پشت بەست بە بڕیاری دادگا دەڵێت دەبێت مووچە لە بانکە حکومییەکان بێت پێشموایە زۆربەی هەرە زۆری مووچەخۆران ئەوەیان پێخۆشە، کەچی حکومەتی هەرێم دەڵێت دەبێت لە (هەژماری ئەوان) بێت.

لەڕاستیدا دەبوو حکومەتی هەرێم بڕیارەکەی وەکو خۆی جێبەجێکردبا، چونکە مووچەدان بەوشێوەی لە بڕیارەکەدا هاتووە لە قازانجی هەموو لایەکە بە خودی حکومەتیشەوە، بەوە ئێستا مەترسییەکی گەوورە دروستبووە لەوەی لەنێوان تەوتین و هەژماری ئەوان چاوەڕوانی زیاتری لێبکەوێتەوە، دیسان بگەڕێنەوە چوارگۆشەی یەکەم، واتە پێنەدان و دواکەوتن و پاشەکەوتی مووچەی لێبکەوێتەوە وەکو لێکەوتەکانی ئابووری سەربەخۆ.

بەڕاستی هەق نییە چیتر بەوشێوەیە مامەڵە لەگەڵ مامۆستایان و فەرمانبەران بکرێت، ناکرێت دوای ١٠ ساڵ ئازار و دەردەسەری ئێستا ڕووناکییەک دروستبووە، جارێکیتر بێی لە ژێر ناوو نیشانی جۆراجۆردا کە زۆربەیان سواوەن و خەڵک تێری لێخواردووە شتەکان پێچەوانە بکرێتەوە، ئاخر مووچەخۆر چ پەیوەندی بەوە وە هەیە هەردوو حکومەت، مەبەستم مەرکەز و هەرێمە، لەسەر دەسەڵات ململانێدەکەن و هەوڵی ئەوە دەدەن لە ڕێگەی مووچەوە هەژموونی سیاسی و ئیداری خۆیان قوڵتر بکەنەوە.

بە بڕوای خۆم هەموو ئەوراقەکان کەشفبوون و خەڵکیش وەکو جاران نیە ناولەپ دەخوێنێتەوە و دەشزانن چیش لە پشتی پەردەوە هەیە، قبوڵیان نیە چیتر وەکو بارمتە بەکاربهێنرێن بۆ مەرامی تایبەت و سیاسیانەی تەسک، بۆیە دەبێت تا ئێرە ئەو یارییە ناشیرینەی لەسەر حسابی ئەم گەلە بە گشتی و مامۆستایان و فەرمانبەران بە تایبەتی دەکرێت، کۆتایی پێبهێنرێت، چونکە دڵنیام ئەو توێژە زەرەرمەندبووانە کۆتایی بەو چیرۆکە درێژدادڕە دەهێنن چ لە ڕێگەی سندوقی دەنگدانەوە بێت یان بە هەڵچونێکی جەماوەری کە هیچ دەستە و تاقمێک ناتوانن بەری پێبگرن.

کرێکارێک لە باڵەخانەیەک کەوتە خوارەوە
پێت کرێکارێک لە باڵەخانەیەک کەوتە خوارەوە
فۆڕمی دامەزراندنی دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان بڵاوکرایەوە
دوات فۆڕمی دامەزراندنی دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان بڵاوکرایەوە
پەیوەندیدار