تاقیكردنەوەی كۆتایی ساڵی خوێندكاران و بەتایبەتی “تاقیكردنەوەی نیشتمانی” دەستپێدەكات و ساڵانەش لەسەر داوای وەزارەتی پەروەردە، هێڵەكانی ئینتەرنێت بەبڕیاری وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن ڕادەگیرێن، بەڵام پەرلەمانتارێك دەڵێت: پێدەچێت بۆ ئەمساڵ لەكاتی تاقیكردنەوەی وزاری پۆلی 6ی سەرەتایی ڕانەگیرێت.
نەجوە کاکەیی، ئەندامی لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی عێراق لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “بڕیاری پچڕاندنی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت ساڵانە لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە دەگیرێتەبەر وەک ڕێکارێکی خۆپارێزی بۆ پاراستنی بەڕێوەچوونی ئاسایی تاقیکردنەوە وزارییەکان و ڕێگریکردن لە سەرلێشێواندنی خوێندکاران، جگە لە پاراستنی نهێنی پرسیارەکان”.
ئاماژەی بەوەشکرد، لیژنەکەیان نە دانیان بەوەدا ناوە و نە لێدوانیان داوە لەبارەی پچڕانی خزمەتگوزاری ئینتەرنێت یان بەردەوامبوونی لە ماوەی تاقیکردنەوە وزارییەکاندا، بەو پێیەی هێشتا ئەو پرسە لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار یەکلایی نەکراوەتەوە.
کاکەیی ڕوونیشی کردەوە، ئەگەری ئەوە هەیە تاقیکردنەوەکانی شەشەمی سەرەتایی بەردەوام بێت بەبێ ئەوەی بڕینی خزمەتگوزاری ئینتەرنێتی لەگەڵدا بێت.
وتیشی، “گفتوگۆ هەیە سەبارەت بە تاقیکردنەوەکان بۆ ئاستی سێیەمی ناوەندی و شەشەمی ئامادەیی سەبارەت بەم بابەتە، بەڵام تا ئێستا هیچ یەکلایی نەبووەتەوە”.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە هەرێمی كوردستان بەهۆی گۆڕینی سیستمی خوێندن بۆ بنەڕەتی و ئامادەیی، تاقیكردنەوەی وزاری 6ی سەرەتای “بنەڕەتی” نەماوە و ساڵانەش لەڕۆژانی تاقیكردنەوەی نیشتمانی پۆلی 9ی بنەڕەتی و ئەزموونە گشتییەكانی پۆلی 12ی ئامادەیی چەند كاتژمێرێك هێڵەكانی ئینتەرنێت ڕادەگیرێن.