سەمیر هەورامی: حکومەتی هەرێم بۆ تەوتینی مووچە ئامادەیە



وتەبێژی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئاشكرای دەكات، حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تەوتینی مووچەی فەرمانبەرانی ئامادەیی دەربڕیوەو بۆ ئەو مەبەستەش نووسراوی بۆ بەغدا ناردوە و شاندێكیش بۆ ئەو پرسە و چەندین پرسی گرنگی تر سەردانی بەغدایان کردووە.

سەمیر هەورامی، وتەبێژی جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم لە لێدوانێکیدا بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن ئاماژەی بەوەكرد، “لە دواکۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دوو بڕیاری زۆر باش دراون، کە یەکێکیان ئەوەیە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیە داهاتە نانەوتییەکان بەپێی رێکارە یاساییەکان بنێرێت بۆ بەغدا”.

وتیشی، “بڕیاری دووەمیش ئەوەیە، کە ئاساییە لای حکومەتی هەرێمی کوردستان مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم تەوتین بکرێت و بۆ ئەو مەبەستەش نووسراو نێردراوە بۆ بەغدا، هاوکات شاندێكی هەرێم بەسەرۆکایەتی سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران چۆتە بەغدا، بۆ ئەو پرسە و چەندین پرسی گرنگی تر”.

لەبارەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانیش، سەمیر هەورامی ڕایگەیاند، “پلە بەرزکردنەوە کاتی ئەوێت و چەندین رێکاری یاسایی هەیە و مووچەخۆرانی هەرێم دەبێت پێداچوونەوە بە فایلەکانیان بکرێت، بۆیە ئەم پرسە کاتی ئەوێت”.

لە كۆبوونەوەی ڕۆژی چوار شەممە 24ی نیسانی 2024، كە بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەنجام درا، وەك لە ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەكەدا هاتبوو، “حکومەتی هەرێم هیچ کات دژی بە بانکیکردنی( تەوتین)ی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەبووە و نابێت، لە مێژە وەک لە کارنامەی کابینەکە هاتووە بە کردارەکیی پرۆسەی بەبانکیکردن( تەوتین) لە ڕێگەی ( هەژماری من)ەوە لە هەرێم دەستپێکراوە”.

جەختیشی كردۆتەوە،گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵ زیاتر لەسەر میکانیزمی بەبانکیکردنە نەک خودي پرۆسەکە، ئەم بابەتەش شایەنی چارەسەرە لە ڕێگەی دۆزینەوەی لێکتێگەیشتنی هاوبەش بە جۆرێک لە بەرژەوەندی مووچەخۆر بێت و بە ئاسانی پرۆسەکە تەواو بکرێت لە ڕێگەی ئەو بانکە باوەڕپێکراوانەی لە ژێر سەرپەرشتی و مۆڵەتی بانکی ناوەندیی، سەرقاڵی پرۆسەی تەوتینن لە چوارچێوەی پڕۆژەی تەوتینی هەرێم بە ناوی (هەژماری من) .

بۆ بڕینی ئینتەرنێت لەكاتی تاقیكردنەوەكان بڕیار دەدرێت
پێت بۆ بڕینی ئینتەرنێت لەكاتی تاقیكردنەوەكان بڕیار دەدرێت
قڵیشانی پاژنەی پێ‌ لەچییەوە دروست دەبێت و چارەسەری چییە؟
دوات قڵیشانی پاژنەی پێ‌ لەچییەوە دروست دەبێت و چارەسەری چییە؟
پەیوەندیدر