وەزیری پەروەدەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، نوسراوی فەرمی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و لیستی هاوپێچکراوی مامۆستایانی وانەبێژی گەیاندووەتە دەست سەبارەت بەتەرخانی دارایی بۆ مامۆستایانی وانەبێژی کوردستان و وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەنگاوە پێویستەکانمان ئەنجامداوە و چاوەڕوانی دەرئەنجام و وەڵامی فەرمی حکومەتی عێراقی فیدراڵ دەکەین.
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەریمی کوردستان، بڵاویکردووەتەوە کە ئەمرۆ سێشەممە ٣٠ ی ٤ ی ٢٠٢٤ لە بەغداد، سەردانی محەمەد شیاع سودانی کردووە و لەسەرچەند پرسێکی گرنگی پەروەردەیی گفتوگۆیان کردووە.
دەشڵێت:”لە کۆبوونەوەکەدا نوسراوی فەرمی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان و لیستی هاوپێچکراوی مامۆستایانی وانەبێژم پێگەیاند سەبارەت بەتەرخانی دارایی بۆ مامۆستایانی وانەبێژی کوردستان و وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەنگاوە پێویستەکانمان ئەنجامداوە و چاوەڕوانی دەرئەنجام و وەڵامی فەرمی حکومەتی عێراقی فیدراڵ دەکەین”.
راشیگەیاندووە، هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا جەختمان کردەوە لەپشکی هەرێمی کوردستان لە دروستکردنی باڵەخانەی قوتابخانەکان لە رێککەوتنی عێراق – چین کەهەرێمی کوردستان تا ئێستا پشکی خۆی لە دروستکردنی ئەو قوتابخانانە نەچۆتە بواری جێبەجێکردنەوە و سەرلەنوێ نوسراوێکی دیکەمان پێشکەشکردن بەمەبەستی دابینکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە دروستکردنی باڵەخانەی پەروەردەیی نوێ .
وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەشکردووە، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە پرسی خوێندنی قوتابخانەکانی فیدراڵی لە هەرێمی کوردستان و بەردەوام بوونی پرۆسەی خوێندن تیایاندا، لەوبارەیەوە هاریکاری و هەماهەنگی هەرێمی کوردستانمان نیشاندا بۆ بەردەوام بوونی پرۆسەی خوێندنی قوتابیانی ئەو قوتابخانانە.