حكومەتی عێراق و هەرێم ڕێككەوتن



وەزیرانی بازرگانی و كشتوكاڵی هەرێم لە بەغدان و لەگەڵ وەزیری بازرگانی عێراق كۆبوونەوە و ڕێككەوتن لەسەر كاری هاوبەش بۆ بەبازاڕكردنی بەرهەمی گەنمی جوتیاران و وەرگرتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم و وەزیری بازرگانی عێراق ئاشكرای كرد، كە سەرجەم پارەی گەنمی جوتیارانی بۆ ساڵەكانی ڕابردوو خەرج كردووە.

بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی بازرگانی عێراق، ئەسیر داود غرێری، وەزیری بازرگانی لەگەڵ كەمال موسلیم، وەزیری بازرگانی هەرێم و بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری كستوكاڵی هەرێم و شاندی یاوەریان كۆبۆتەوە و ڕێككەوتوون لەسەر میكانیزمەكانی كاری هاوبەش و ئامادەکارییەکان بۆ وەرزی بەبازاڕکردنی بەرهەمی گەنمی ناوخۆیی و بڕی چاوەڕوانکراوی بەرهەمی گەنم و ئامادەکردنی کۆگا و توانای هەڵگرتن.

غرێری جەختی لەوەکردەوە، هاوکاری و پشتیوانی لە هەموو كارێك دەكەن، کە خزمەت بە جووتیارانی هەرێم دەکات، هاوشێوەی جووتیارانی پارێزگاکانی دیكەی وڵات بەپێی پێوەرەکانی یەکسانی و پێشکەوتن، هاوکاری و پشتیوانی لەگەڵ وەزارەتەکانی بازرگانی و کشتوکاڵ لە هەرێم بۆ پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری و پشتگیری بەرهەمی جوتیاران.

وەزیرەكەی عێراق داوای لە شاندی هەرێم کرد، هەماهەنگی و لێکتێگەیشتن ئەنجام بدەن لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵی سەبارەت بە ڕووبەری چێنراو و بەرهەمی کشتوکاڵی و قەبارەی ئەو بڕەی پێشبینی دەکرێت بخرێتە بازاڕەوە، بە شێوەیەک هاوتا بێت لەگەڵ قەبارەی عەمبارکردن لە هەرێم، لە هەمان کاتدا کارکردن بۆ فراوانکردنی تواناکانی هەڵگرتنی بنكەكان وەک تواناکانی یەدەگ لە پێشبینی هەر حاڵەتێکی لەناکاو لەم ڕووەوە و بۆ دوورکەوتنەوە لەوەی لە ساڵی ڕابردوودا ڕوویدا، كە وەرزی پێشوو ڕێژەیەکی کەمتری تۆمارکرد لەوەی چاوەڕوان دەکرا بخرێتە بازاڕەوە و بووە هۆی زەبر بەر وەزارەتی بازرگانی فیدڕاڵی بكەوێت لە كۆگاكانی لە پارێزگاکانی موسڵ و کەرکوک بەهۆی بەبازاڕکردنی بڕی گەنمەوە لە هەرێم.

غرێری وتی، “لەو کاتەوەی ئەرکی وەزارەتی بازرگانیمان گرتۆتە ئەستۆ، هەوڵمانداوە شایستەی جووتیارانی هەرێم بۆ ساڵانی 2014، 2015، و 2016 بدەین، کە بە تەواوی ڕادەستکران، ئامانجیشمان کارکردن بە پێوەرەکانی یەکسانی و دادپەروەری لەگەڵ هەموو پارێزگاکانی عێراق”.

لای خۆیەوە وەزیری کشتوکاڵی هەرێم ڕایگەیاند، “دەنگ و پاڵپشتی وەزارەتی بازرگانی فیدراڵی لە وەرزی ساڵی ڕابردوودا بەرز دەنرخێنین”.

وتیشی، “ئەمساڵ بەشێوەیەکی زانستی و تەکنیکی کارمان کرد و بە شێوەیەکی ورد، ئێمە ڕووبەرێکی زۆر گەنممان چاند و بەرهەمەکەمان لە ئاستێکی بەرزدا بوو، جگە لە کارکردن لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵی فیدراڵی لیژنەیەکی ڕاوێژکاری تەکنیکی پێکهێنرا و ڕووپێوییەکی ئاسمانی بۆ ناوچە کشتوکاڵییەکان ئەنجامدا لە هەرێم بۆ چاندنی گەنم”.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، “هەردوولا کۆک بوون لەسەر بەردەوامبوون لە هاوکاری و پشتیوانی بۆ سەرکەوتنی وەرزی بازاڕکردن، کە بە گرنگترین وەرز لە مێژووی وڵاتدا دادەنرێت لە ئەنجامی پشتگیری حکومەت لەم لایەنەدا”.

بەرهەمهێنانی غاز دەستپێدەکاتەوە
پێت بەرهەمهێنانی غاز دەستپێدەکاتەوە
بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە
دوات بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە
پەیوەندیدر