مەسرور بارزانی لەگەڵ ستیڤن هیچن کۆبووەوە و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەوەری گەرمی کۆبوونەوەکەیان بوو.
لە ڕاگەیەندراوێکدا حکەمەتی هەرێم ئاماژە بەوەدەکات، تەوەرێکی سەرەکی گفتوگۆکان، تایبەت بوو بە گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، و هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی چارەسەرکردنی کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم هەڵبژاردن و بەشداربوونی هەموو لایەنەکان لە هەڵبژاردندا.
مەسرور بارزانی دووپاتیکردەوە ، پشتیوانیی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد و یاسایی و دادپەروەرانە دەکەن، کە جێی متمانە بێت و لە ژێر چاودێری و پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەڕێوەبچێت و گەرەنتی پاراستنی مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بکات.
دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و ناردنی مووچە و شایستە داراییەکان و بەردەوامبوونی هاریکاری و پشتیوانیکردنی پێشمەرگە، چەند بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوون.