ئەنجوومەنی دادوەری عێراق بڕیاری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەەمانی كوردستان هەڵوەشاندەوە و بڕیاریدا، كە دەبێت سندوقەکانی دەنگدان بە دەستی و بە ئەلکترۆنیش ئەژمار بکرێنەوە.
دەستەی دادوەری هەڵبژاردنەكان لە ئەنجوومەنی دادوەری عێراق كۆبووەوە سەبارەت بەو سكالایەی تۆماركرابوو لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە ژمارە 11 لە 18-3-2024دا، كە تیایدا بڕیار درابوو ئەو سندوقانەی ئامێرەکانی دەنگدان، كە کاریان نەدەکرد یان كێشەیان لە وەرگرتنی پەنجەمۆری دەنگدەران هەبوو لەناو ناوەندی دەنگدان و لەبەردەم نوێنەری لایەنە سیاسییەكان هەژمار نەدەكران بگوازرێنەوە بۆ ناوەندی سەرەكی دەنگدان، چونكە لە دوایین دەنگدانی تایبەتی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان ڕوویدا و بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانیش هیچ چارەسەرێكی بۆ دانەنابوو.
ئەنجوومەنی دادوەری عێراق بڕیاریدا، ئەو بڕیارەی كۆمسیۆن بۆ گواستنەوەی سندوقەكانی دەنگدان هەڵبوەشێتەوە و بڕیاری دا “کاتی هەڵبژاردن تەواوی سندوقەکانی دەنگدان بە دەستی و بە ئەلکترۆنی ئەژمار دەکرێنەوە لە ڕۆژی دەنگدان و لە ناو بنکەکانی دەنگدان بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرجەم قەوارە سیاسییەکان”.
هەروەها دەستە دادوەرییەکە لە بریارەکەیدا باس لەوە دەکات، تەنانەت ئەگەر هەر کێشەیەکی تەکنیکی دروست بوو، ئەوا هیچ لایەنێک و تەنانەت کۆمسیۆنیش بۆی نییە سندوقی دەنگدان بگوازێتەوە هەتا ژماردنی دەستی ئەنجام نەدرێتەوە بۆ سەرجەم سندوقەکان لە ناو بنکەکانی دەنگدان و لە بەرچاوی نوێنەرانی سەرجەم قەوارە سیاسیەکان و کۆمسیۆندا.