پارێزگاری سلێمانی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە ڕایگەیاند، “بارودۆخ و هۆکار هەرچییەک بێت، نابێت هەڵبژاردن دوابخرێت”، هاوکات لەبارەی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆرەوە ئاشکرای کرد، “لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست بە کارەکانی دەکاتەوە”.
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە پەراوێزی كۆڕبەندی “هەفتەی دیجیتاڵی” لە سلێمانی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە ڕایگەیاند، لە ساڵی ١٩٩١ ەوە بەردێکی بناغەی خوارمان دانا، دەسەڵاتداریمان دروست کرد نەک دەوڵەتداری، نەمانهێشت مۆدێلی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە دروست ببێت.
وتیشی، لە دوای هەڵبژاردنی ١٩ی ئایاری ١٩٩٢، دوای ١٣ ساڵ لەژێر فشاری عێراق هەڵبژاردنێکی ترمان کرد، نەمانهێشت هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت، دەبێت لە بناغەوە هۆکارەکان چارەسەر بکرێت، بۆ بەدیهێنانی سیستمێکی دیموکراسی.
ئاماژەی بەوەکرد، لە هەموو هەلومەرج و دۆخێکدا، هۆکار هەرچییەک بێت نابێت هەڵبژاردن دوابخرێت، دەبێت لە کاتی خۆیدا بکرێت.
جەختی لەوەکردەوە، دەبێت هەڵبژاردنێکی پاک بۆ حکومەتێکی خزمەتگوزار ئەنجامبدرێت، نەک بۆ شەرعیەتدان بە دوو دەسەڵاتی سیاسی کە یەکێتی و پارتییە.
هاوکات هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی لەبارەی کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کارەبا بەهۆی هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر لە وەڵامی ڕۆژنامەنووساندا ڕایگەیاند، لە ڕابردوودا چەند کارێکمان کردووە بۆ ئەوەی ژێرخانی وزە بەهێز بێت، جگە لەو بڕە غازەی لە کێڵگەی کۆرمۆر بەرهەمدەهێنرێت و ڕەوانەی سلێمانی دەکرێت، لە کەرکووک و شوێنەکانی دیکەشەوە غازمان بۆ دێت.
ئاماژەی بەوەکرد، لە چەند ساڵی ڕابردوودا بۆ یەکەمجار کۆگای عەمباری غەزنکردنی غازمان لە پارێزگای سلێمانی دروستکرد، کە دەتوانێت لە دۆخێکی لەم شێوەیەدا هاوکاربێت بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بەرهەمهێنانی غاز، لە ماوەیەکی کەمدا ئەم قەیرانە تێدەپەڕێت.
وتیشی، داوا لە وڵاتانی ناوچەکە و هێزە چەکدار و سیاسییەکان دەکەم، ململانێ سیاسییەکانی خۆیان، تێکەڵ بە ژیانی خەڵک و خزمەتگوزارییە گشتییەکان نەکەن، تا قەیران دروست نەبێت.
لە کۆتاییشدا ئەوەی خستەڕوو، ئیدانەی هێرشەکان دەکەین، هیوادارین دووبارە نەبێتەوە، ئایندەیەکی نزیکیشدا کۆرمۆر دەست بە کارەکانی دەکاتەوە.