وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، گرنگترین شت ئەوەیە مووچە لە ڕێی بانکەوە بە گەرەنتی بگاتە دەست هەموو مووچەخۆرێک و چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانیش لەگەڵ بەغدا “ئاڕاستەیەکی دروستیان وەرگرتووە”.
دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، “بەلای هەموو لایەنەکانەوە گەرەنتی بەشداریکردنی پێکهاتەکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گرنگە، ئاڕاستەیەکی دروست هەیە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە. دوای دەرچوونی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی و لابردنی کورسی پێکهاتەکان، پێکهاتەکان لیستیان بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن پێشکەش نەکردووە، سەرۆکایەتی هەرێم لەهەوڵدایە ئەو مافەیان بۆ بگێڕدرێتەوە.”
دڵشاد شەهاب وتی، لە میانی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا “جەنابی سەرۆکی هەرێم لەگەڵ هەموو دەسەڵاتە فیدراڵییەکان گفتوگۆی کرد، هەموویان تێگەیشتنیان هەیە و بە مافی پێکهاتەکانی دەزانن. نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەسەر هێڵە و پێشنیاریان بۆ چارەسەر هەیە و لە گفتوگۆداین لەسەر کۆی پرۆسەکە، ئومێدەوارین بگەینە چارەسەر.”
ئەوەشی خستەڕوو کە بە هۆی ئەوەی پەرلەمانی کوردستان کارا نییە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم نەماوە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات، بۆیە پێویستیان بە هەماهەنگییە لەگەڵ لایەنەکان.
دڵشاد شەهاب وتیشی، “دەمانەوێت بۆ هەڵبژاردن ڕاوێژ لەگەڵ لایەنەکان بکەین، دەمانەوێت هەموو لایەنەکان بەشداربن و گەرەنتی هەڵبژاردنێکی سەرکەوتوو بکەین، ئەمە ئامانجی سەرۆکایەتی هەرێمە و چی پێویستبکات ئەنجامی دەدەین و ئاڕاستەکەشمان ڕێچکەی باشی وەرگرتووە.”
ڕاشیگەیاند، “سەرۆکایەتی هەرێم هێڵی گەرمی پەیوەندی لەگەڵ لایەنەکان هەیە و بۆ هەر پرسێکی ناوخۆیی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکان دەکەین. لایەن و دەسەڵاتە فیدراڵییەکانی عێراقیش بەدەنگەوە هاتنی باشیان بۆ سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم هەیە، سەردانەکە بۆ زامنکردنی مافە دەستوریی و یاسایی و داراییەکانی هەرێم گرنگە، گرنگیشە بۆ بەشداری کاریگەری هەرێم لە پرۆسەی سیاسی عێراق.”
لە بەشێکی دیکە لێدوانەکەیدا، وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە پرسی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم ڕایگەیاند، “بنەمای جێگیر لای لایەنە عێراقییەکان ئەوەیە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەردەوام بێت، هەندێک وردەکاری هونەری پەیوەندیدار بە مەسەلەی بە بانکیکردنی مووچە و بڕیاری دادگا هەن، دەبێت ئەم پرسانە لە نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدا یەکلایی بکرێنەوە.”
وتیشی، “لە کاتێکدا سەرۆکی هەرێم ئێستا سەرقاڵی گفتوگۆیە لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان، شاندێکی هونەری حکومەتی هەرێم بۆ وردەکارییەکان لەبەغدایە و گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق و وەزارەتی دارایی دەکات بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم پرسەکان. چارەسەرکردنی پرسەکان ئاڕاستەیەکی دروستیان وەرگرتووە و لێکتێگەیشتنی باش هەن و چاوەڕوانی ئەنجامی ئەرێنی دەکەین.”
دڵشاد شەهاب، وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە بانکیکرنی مووچە لە نێوان “هەژماری من” و بانکە حکومییەکانی عێراقدا وتی، “گرنگترین شت ئەوەیە مووچە بە گەرەنتییەوە بگاتە دەست هەموو مووچەخۆرێک لە ڕێگەی بانکەوە، ئەو بانکانەی بەشداری ئەم پرۆسەیە دەکەن ئەوانەن لای بانکی ناوەندی و وەزارەتی دارایی عێراق جێگەی متمانەن، بۆ وردەکارییە تەکنیکییەکان دەگەینە ئەنجام”.