ئەمشەو دووشەممە ٢٩-٤-٢٠٢٤ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە بەغداد لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر پرسی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆبووەوە.
کەناڵی رووداو بڵاویکردووەتەوە کە ئێوارەی ئەمڕۆ بۆ جاری دووەم لە ماوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغداد نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەتەوە و پرسی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم و دواخستنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تاوتوێی کراوە.
لە کۆبوونەوەکەدا نێچیرڤان بارزانی بە سودانی راگەیاندووە کە دەبێت پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارەسەربکرێت و نابێت چی دیکە بابەتی مووچە ببێتە هەواڵی میدیاکان و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانیش لە کاتی خۆیدا مووچە وەربگرن.
ماوەی سێ رۆژە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە بەغدادە و لەگەڵ زۆربەی بەرپرسە حکومی حزبییەکانی عێراق کۆبوونەوەی ئەنجامداوە..