بەرپرسانی فلیپین ئەمڕۆ چوارشەممە ڕایانگەیاند، ژمارەی ئەو كەسانەی بەهۆی لافاوەوە گیانیان لەدەستداوە بۆ 25 كەس بەرزبووەتەوە، ئەمەش لەكاتێكدایە پێشبینی دەكرێت بارانێكی زیاتر بەسەر ئەو ناوچانەدا ببارێت كە زۆرترین زیانیان بەركەوتووە لە باشوور و ناوەڕاستی وڵاتەكە.
دەیان هەزار كەس ناچاربوون لە ماڵەكانیان دەربچن، بەهۆی ئەوەی بارانێكی بەخوڕ لە ڕۆژی كریسمسدا زۆر گوند و شارۆچكە و ڕێگا سەرەكییەكانی ژێرئاو خستووە و ئاهەنگەكانی گرنگترین جەژنی ئەو وڵاتەی پەكخستووە.
ئاژانسی كارەساتی نیشتمانی ڕایگەیاند “لە پارێزگای میسامیس ئۆكسیدەنتال لە دوورگەی مینداناو لە باشووری وڵات، لانیكەم ١٣ كەس گیانیان لەدەستداوە كە زۆربەیان بەهۆی خنكانەوە بوون”.
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویكردەوە، تا ئێستا ٢٦ كەس بێسەرو شوێنن و ٩ كەسیش بریندارن.
كەشناسی ڕایگەیاندووە، ئەگەری بارانبارینی مامناوەند تا بەخوڕ لە سەرانسەری ناوەڕاست و باشووری فلیپین لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەدا هەیە.
دەزگای كارەساتەكان ڕایگەیاندووە، هەوڵەكانی ڕزگاركردن لە ئارادایە بۆ یارمەتیدانی ئەو كەسانەی نیشتەجێن لەو ناوچانەی زۆرترین زیانیان بەركەوتووە بەهۆی لافاوەكەوە، هاوكات زیاتر لە ٨١ هەزار كەس ئاوارە بوون.