ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، سبەینێ وەفدێکی حکومەتی ھەرێم لەبارەی داھاتی نانەوتی دەچێتە بەغداد و دەشڵێت:”چاوەڕوان دەکرێت لەم ھەفتەیەدا عێراق مووچە رەوانەی ھەرێمی کوردستان بکات”.
د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاندووە، لیستی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان لە وردبینی دایە و ھیچ گرفتێکی نییە و چاوەڕوان دەکرێت ئەم ھەفتەیە پارەی مووچە رەوانەی ھەرێمی کوردستان بکرێت.
دەشڵێت، حکومەتی عێراق پابەندی خۆی دەربڕیوە بە بڕیاری دادگای فیدڕالی بۆ ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان و تێکەڵنەکردنی بابەتی مووچە لەگەڵ پرسە سیاسیەکان.
د. نەرمین مەعروف ئاماژەی بەوەکرد، خشتەی بودجەی ٢٠٢٤ لەم ھەفتەیەدا دەگاتە ئەنجومەنی نوێنەران و وردبینی بۆ دەکەن و وەرزی یاسادانان لە ٩ی ئایاردا کۆتایی دێت بەڵام بە گەیشتنی خشتەی بودجەکە وەرزەکە درێژ دەکرێتەوە.
راشیگەیاندووە، سبەینێ وەفدی ھەرێمی کوردستان لەبارەی داھاتی نانەوتی و یەکخستنی داھات لەگەڵ حکومەتی عێراقی سەردانی بەغداد دەکەن.