بە تۆمەتی ساختەکردن لە فرۆشتنی برنجی بایەعی بە جۆرە برنجێکی بەناوبانگ لە سلێمانی کەسێک دەستگیرکرا و دەست بەسەر زیاتر لە (50) تۆن برنجدا گیرا.
قائیمقامیەتی سلێمانی بڵاویکردەوە، بەهۆی ساختەكردنی برنجی بایەعی و فرۆشتنەوەی بەجۆرە برنجێكی بەناوبانگ، قائیمقامییەتی سلێمانی لەژێر پردەكەی ناوبازاڕ دوكانی (بێ ناو) دادەخەن و خاوەنەكەشی روبەڕوی رێكاری یاسایی دەكەنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، گۆران قادر، سەرۆكی لیژنەكانی قائیمقامیەت رایگەیاند: لەسەر زانیاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش و لە ئەنجامی سەردان و پشكنینە بەردەوامەكانی لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی و پشكنین بۆ ئەو كاڵاوشمەك و ئەو خواردەمەنییانەی لەلایەن دوكاندار و بازرگانەكانەوە بە هاووڵاتیان دەفرۆشرێت، دەركەوتوە خاوەنی دوكانێكی وشكە فرۆش (بێ ناو) هەستاوە بە ساختە كردنی برنج و فرۆشتنەوەی بە جۆرە برنجێكی دیكەی بەناوبانگ بە هاووڵاتیان.
وتیشی: بڕی برنجەكە زیاتر لە (50) تۆنە، لەگەڵ تەواوی ئەو ئامێر و پێداویستیانەی لە ساختەكارییەكدا بەكارهێنراوە، دەستی بەسەردا گیراوە.
گۆران قادر رونیكردەوە، بەپێی یاسای وەزارەتی بازرگانی، دەستكاری كردنی لێبڵ و زانیاری سەر كاڵاوشمەكەكان فێڵی بازرگانییە و ئەنجامدەرانی روبەڕوی رێكاری یاسایی دەكرێنەوە، بۆیە بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی دوكانەكە دادەخرێت، تەواوی برنجەكە لەناودەبرێت و خاوەنەكەشی روبەڕوی رێكاری یاسایی دەكرێتەوە.