چەند ڕۆژێکە نرخی دینار بەرامبەر دۆلار ناجێگیرە، تا ئێستا هۆکاری ئەم ناجێگیرییەش دیارنییە، بەپێی پێشبینییەکان نرخی ١٠٠ دۆلار لە ١٤٦ هەزار دینار زیاتر دانابەزێت.
ئێستا نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر١٤٦ هەزار و ٨٥٠ دیناری عێراقییە، ئەمڕۆ بانکی ناوەندی عێراق بڕی ٢٧٩ ملیۆن و ٥٥٦ هەزار و ٢٠٠ دۆلاری کردووەتە بازاڕەوە، کە ٢٦٦ ملیۆن و ٢٥٦ هەزار و ٢٠٠ بەشێوەی حەواڵەیە، ١٣ ملیۆن و ٣٠٠ هەزار دۆلاری بە نەختینەیە.
هەڵمەت تۆفیق، لە نوسینگەی ڕاویەر بۆ ئاڵوگۆڕی دراو بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، دوو ڕۆژە بەهای دۆلار ناجێگیرە، نرخەکە جێگیرنییە، تا ئێستا هیچ هۆکارێکی دیاریکراو لەئارادا نییە، بەڵکو تەنها خواست و خستنەڕووی بازاڕە.
“بەهای ١٠٠ دۆلار لەنێوان ١٤٦ بۆ ١٤٨ هەزار دینار دەبێت، بەهاکەی لە ١٤٦ هەزار دینار زیاتر دانابەزێت، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ئێستا بەهای ١٠٠ دۆلار ناگاتە ١٤٥ هەزار دینار، با خەڵك خۆی بۆ ئەو نرخە ئامادەنەکات”.
بە درێژایی مانگی نیسانی ئەمساڵ بەهای ١٠٠ دۆلار بەرامبەر کەمتر لە ١٥٠ هەزار دیناری عێراقی بووە، هەرچەندە پێشبینیدەکرا بە سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا بەهای ١٠٠ دۆلار بگاتە نزیکی ١٤٠ هەزار دینار، بەڵام بەهاکەی دانەبەزی، هێشتا لەسەرو ١٤٦ هەزار دینارەوەیە.