هەولێر؛ کۆمپانیایەک بە “خواردنی 35 ملیۆن دۆلار”ی هاووڵاتییان تۆمەتبار دەکرێت



کۆمپانیایەک لە هەولێر تۆمەتبار دەکرێت بەوەی 35 ملیۆن دۆلاری سەدان خانەوادەی “خواردووە” و داوا لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن مافەکانیان وەربگرێتەوە.

لە نامەیەکی کراوەدا بۆ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 800 خانەوادەی شاری هەولێر ڕایدەگەیەنن کە کۆمپانیایەک “لە گەمەیەکی شۆکهێنەر و سیناریۆیەکی تەمومژاویدا 35 ملیۆن دۆلاری کاسبکارانی بواری عەقارات و کڕیارانی یەکەکانی نیشتەجێبوونیان ونکرد، بێ ئەوەی هیچ زەرەر و زیانێک لەبازاڕدا هەبێت”.

ئەو خانەوادانە داوا لە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت دەکەن “ئەو ستەمە گەورەیە لە کاسبکار و هاونیشتمانیان قبوڵ نەکەن و تیمێکی یاسایی لەچەند دادوەرێک پێکبهێنن و پاڵپشت بە بنەماکانی دادوەری عادیلانە پرسەکەمان بۆ چارەسەر بکەن”.

دەقی نامەکە:

نامەیەکی کراوە بۆ بەڕێز: مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

بابەت: سکاڵا لە کۆمپانیای عەقارات باغی شەقڵاوە و خاوەنەکانی

سڵاو و ڕێز..

پێشەکی

کۆمپانیای عەقارات باغی شەقڵاوە 35 ملیۆن دۆلاری زیاتر لە800  خانەوادەی شاری هەولێر خواردووە، داواکارین لە جەنابتان لەهەمبەر ئەو ستەمە گەورەیە بێنە دەنگ کە بە ناو و ناتۆرەی جۆراوجۆر لە بازاڕی عەقارات و کاسبکاران و هاونیشتیمانیان دەکرێت.

سەرەتای کێشەکە

چەند مانگێک بەر لە ئێستا، لە گەمەیەکی شۆکهێنەر، کۆمپانیای عەقارات باغی شەقڵاوە، هەڵگری دروشمی (ڕێبەرێکی باوەڕپێکراو) لە سیناریۆیەکی تەمومژاویدا 35 ملیۆن دۆلاری کاسبکارانی بواری عەقارات و کڕیارانی یەکەکانی نیشتەجێبوونیان ونکرد، بێ ئەوەی هیچ زەرەر و زیانێک لەبازاڕدا هەبێت.

دروستکردنی سیناریۆ

بۆ پەردەپۆشکردن و دیزەبەدەرخۆنەکردنی پارەکە و سەرگرتنی سیناریۆکەیان، دوو فەرمانبەری خۆیان (بە ڕێککەوتنی پێشوەختە) بەگرتن داوە، بە بیانووی ئەوەی ئەم دوو فەرمانبەرە پارەکەیان تەخشان و پەخشان کردووە و گوایە ئەوان ئاگاداری وەرگرتنی ئەو پارەیە نەبوون و مامەڵەکانیان بە نایاسایی لەقەڵەمدا. لەکاتێکدا ئەو پارەیە بە قۆناغبەندی و بەناوی وەبەرهێنانی هاوبەش و کڕینی یەکەکانی نیشتەجێبوون بە وەسڵ و مۆر لە چوارچێوەی سیستەمی کۆمپانیاکە وەرگیراوە.

دروستکردنی تۆمەت

دۆکیۆمێنتە بەردەستەکان شایەتی ئاگاداربوونی بەڕێوەبەر و خاوەنانی باغی شەقڵاوە دەسەلمێنن کە بریتین لە (د.ڕاستی هاشم، حاجی هاشم فەقێ کەریم و حاجی محەممەد سابر ئەبابەکر). سەرەڕای ونکردن و دەستبەسەرداگرتنی پارەکە دەیان تۆمەتی ناڕەواش بۆ کاسبکار و خاوەن پارەکان دروست دەکەن و ڕای گشتی و حزبی و حکومی لەهەمبەر پرسەکە بەلاڕێدا دەبەن.

مەترسییەکان

سەرەڕای لەکەداربوونی کەرتی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بەتایبەت لە هەولێر، مەترسی شڵەژانی یەکجارەکی بازاڕی یەکەکانی نیشتەجێبون هەیە کە سیمایەکی جوانی پێشکەوتنی هەولێرە، بازاڕی خانووبەرە خەریکە متمانە لەدەست دەدات، مەترسی ڕوودانی دەیان کار و پەرچەکرداری نەخوازراویش هەیە، ئەگەری ئاشووب و خوێنڕێژی لەئارادایە.

داواکاری

داواکارین لە جەنابتان وەک خەمخۆری خەڵک و کاسبکاران ئەو ستەمە گەورەیە لە کاسبکار و هاونیشتمانیان قبوڵ نەکەن و تیمێکی یاسایی لەچەند دادوەرێک پێکبهێنن و پاڵپشت بە بنەماکانی دادوەری عادیلانە پرسەکەمان بۆ چارەسەر بکەن. بۆیە ڕووی داواکاریمان لە بەڕێزتانە، دڵنیایین بەڕێزتان ڕێگەنادەن لەژێر چەتری حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە هەولێری پایتەخت ئەو ستەمە بکرێت و، دڵنیایین داکۆکیکاری هەق دەبن و ماف بۆ خاوەن مافەکان دەگەڕێننەوە.

لەگەڵ ڕێزدا

ئەنجوومەنی مافخوراوان

 

هۆشداری لە سەرڕێژبوونی بەنداوی دەربەندیخان دەدرێت
پێت هۆشداری لە سەرڕێژبوونی بەنداوی دەربەندیخان دەدرێت
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بۆ پرسی مووچە کۆدەبێتەوە
دوات ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بۆ پرسی مووچە کۆدەبێتەوە
پەیوەندیدر