ئەمڕۆ لە تەلاری هونەر لە سلێمانی، مەراسیمی خەڵاتی زێڕینی بلە بەڕێوەچوو و ئەمساڵ 10 کەسایەتیی کورد، لە هەر چوار پارچەی کوردستان خەڵاتکران، کە ڕۆڵی گرنگیان لە بوارە جیاجیاکاندا هەبووە.
خەڵاتی زێڕینی بلە، خەڵاتێکی ساڵانەیە و هەموو ساڵێک لە ساڵیادی کۆچیدوایی، سیاسەتمەدار و نووسەر و شاعیری گەورەی کورد، ئیبراهیم ئەحمەد-دا، بەو کەسایەتییە کوردیانە دەبەخشرێت، کە جێپەنجەیان لە بوارەکەی خۆیاندا دیارە و خزمەتی بەرچاویان بە کورد و کوردستان کردووە.
یەكەم/ عەبی بەدرخان:
بنەماڵەی بەدرخان، تا ئێستا دەیان کەسایەتیی دیاریان تیا هەڵکەوتووە، کە خزمەتی بەرچاویان بە بزاڤی رۆشنبیری و سیاسیی کورد کردووە، لە کامەران بەدرخانەوە تا میقداد بەدرخان، کە یەکەم رۆژنامەی کوردی لە قاهیرە چاپکرد و دەیان کەسایەتیی تر.
عەلی بەدرخان، کوڕی ئەحمەد بەدرخان کەسایەتییەکی تری ئەو بنەماڵەیەیە، لە ساڵی 1946 لە قاهیرەی پایتەختی میسڕ لەدایکبووە، لە ساڵی 1967 پەیمانگای باڵای سینەمای تەواوکردووە و دەرهێنانی بۆ چەندین فیلمی گرنگ کردووە.
دووەم/ حاجی فەییم:
فەهیمە محەمەد ئەمین ناسراو بە (حاجی فەییم) لە ساڵی 1947 لەگوندی رەباتی سەر بە سەنگاو لەدایکبووە، لەشاڵای ئەنفالدا بەتێکڕا 52 کەس لە بنەماڵەکەی، لە گوندی تەپەسپی ئەنفالکراون و دوای ئەنفالیش برایەکی بەناوی کەریم شەهید بووە و تاقە یەک خوشکی ماوە وخۆی بەتەنیا بەدیار یادەوەری و جل وبەرگی بەجێماوی براو براژن و برازا وئازیزە ئەنفالکراوەکانییەوە دەژی.
حاجی فەییم بەرلەئەنفال سێ ساڵ پێشمەرگە بووە، لەکاتی شەڕی پێشمەرگە لەدژی داعــ.ـش، هاوکاریی هێزەکانی پێشمەرگەی کردووە.
سێیەم/ د. جوان حەمی:
د جوان حەمی پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەری و شکاوی، لە ساڵی 1972 لە قامیشلۆ لە رۆژئاوای کوردستان لەدایکبووە.
لەکاتی هێرشی داعـ.ـش و گروپە تیرۆریستییەکانی تر بۆسەر قامیشلۆ و کۆبانێ و عەفرین و سەرێکانی لە رۆژئاوای کوردستان، د. جوان حەمی یەکێک بوو لەو پزیشکانەی لەو ماوەیەدا ماندونەناسانە چارەسەری بریندارانی کردووە، جگە لەوەش، کاتێک داعـ.ـش پەلاماری شەنگالی دا، د. جوان خۆی گەیاندە شەنگال و بە شەو و رۆژ چارەسەری بریندارانی دەکرد.
چوارەم/ سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی:
سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی، گۆرانیبێژ و مەقامبێژی گەورەی کورد، لە ساڵی 1882 لە گوندی سەڵاواتئاوای سەر بە شاری سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، بە تۆمەرکردنی چەند گۆرانییەک، بووەتە قوتابخانەیەکی گەورە بۆ گۆرانیی کوردی لەناو کۆمەڵی میوزیکزانانی کورد و ئێرانی و شێخانی تەریقەت و خانەدانەکانی کوردستان، گۆرانیبێژی گەورەی فارس، شەجەریان جگەلەوەی گۆرانییەکی سەییدی بەغەزەلێکی مەولانای رۆمییەوە وتووتەوە، باس لە گەورەیی و مەزنی سەیید ئەکات و دەگوترێت زۆربەی کات گوێی لە گۆرانییەکانی گرتووە.
سەید عەلی ئەسغەری کوردستانی، لە 4/2/1937 کۆچیدوایی کرد و لە گوندی سەڵاواتئاوا بەخاکسپێردرا.
پێنجەم/ د. شێرکۆ عەبدوڵڵا:
د. شێرکۆ عەبدوڵڵا، تەنزنووس و وەرگێڕ و میدیاکاری ناسراوی کورد، لە ساڵی 1956 لە سلێمانی لە گەرەکی سەرشەقام لەدایکبووە و لە ساڵی 1979 کۆلێجی پزیشکی لە زانکۆی موسڵ تەواوکردووە.
لە سەرەتای حەفتاکانەوە، د. شێرکۆ عەبدوڵڵا بەردەوام بەرهەمی ئەدەبیی بڵاوکردووەتەوە، دیارترین نووسەری تەنزی کوردییە و ئەم شێوازەی نووسینی وەک ژانرێکی سەربەخۆ هێنایە نێو ئەدەب و رۆژنامەگەریی کوردییەوە، هاوکات خاوەنی بیرۆکە و سەرنووسەری گۆڤاری سیخورمە بوو، کە گرنگترین و کاریگەرترین بڵاوکراوەی کوردی بوو لە بواری تەنز و کاریکاتێردا.
شەشەم/ خالید جاف:
خالید جاف، نووسەری کتێبی (لە زاری بەڵگەنامەوە)، 1489 بەڵگەی بە وێنەوە بڵاوکردووەتەوە کە بۆ سەردەمی عوسمانی، بەریتانی دەگەڕێنەوە، زیاتر جەخت لە کوردستانیبوونی کەرکووک دەکەنەوە.
لە کتێبەکەیدا چەندین بەڵگە لەگەڵ 440 سەرچاوەی جۆراوجۆر بە زمانەکانی ئینگلیزی، تورکی، فارسی و کوردی بەکارهێناوە بە وردی باس لە مزگەوت و تەکیە و بنەماڵە دێرینەکانی کەرکووک دەکات.
حەوتەم/ ناسری رەزازی:
اسری رەزازی، پێشمەرگە، هونەرمەند و نووسەر، لە ساڵی 1955 لە جەورئاوای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، رۆڵی گەورەی هەبووە لە گۆرانیی کوردیدا، ئەو بە هەموو دیالێکتەکانی زمانی کوردی، واتە کرمانجی، کەلهوڕی، لەکی، سۆرانی وهەورامی گۆرانی وتووە، کە بەگۆرانییە نەمرەکانی دنیای مۆزیکی کوردی دادەنرێن.
رەزازی کە بۆ خۆی قوتابخانەیەکی گەورەی گۆرانی کوردییە، زیاد لە 600 گۆرانی تۆمارکردووە، کە 160 لەو گۆرانییانە ئاوازی خۆیەتی.
رەزازی لەریزی ئەو گۆرانیبێژانەیە کە شیعری شاعیرانی کوردی کردووە بە گۆرانی، نەک هەر ئەوە بگرە سەلیقەی زمانەوانیشی لەئاستێکی بەرزدایە، جگە لەوەی سەرقاڵی نووسینی فەرهەنگێکە بۆ وشەی کوردی، بەشێکی زۆر لە چوارینەکانی خەیامی بۆ زمانی کوردی وەرگێڕاوە و شانامەشی بە کوردی نوسیوەتەوە.
هەشتەم/ د. ئەختەر نەجمەدین:
د. ئەختەر نەجمەدین شەمسەدین، لە ساڵی 1941 لە دێی جافەران هاتووەتە دنیاوە، لە حوزەیرانی ساڵی 1962 لە زانکۆی بەغدا بەکالۆریۆسی لە فیزیا وەرگرتووە و پاشان لە زانکۆی پۆل ساباتێ لە سەنتەری فیزیکی ئەتۆمیی تۆڵۆز لە فەڕەنسا، لە فیزیکی رادیۆلۆجیدا بڕوانامەی مێتریز و ماستەر و دکتۆرای بەدەستهێناوە.
د. ئەختەر نەجمەدین خزمەتی بەرچاوی بە منداڵانی کوردستان و تووشبووانی نەخۆشیی شێرپەنجە کردووە، ئەو بەهاوکاریی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، هەوڵی چروپڕیدا بۆ دابینکردنی شوێنی پێویست و تایبەت بە نەخۆشانی شێرپەنجە لە سلێمانی، پاش ئەو هەوڵە زۆرە، توانییان باڵەخانەیەکی نوێ وەربگرن و لەرۆژی 12/7/2007ـدا یەکەم شوێنی تایبەت بە نەخۆشانی شێرپەنجە بە ناوی نەخۆشخانەی هیوا لە سلێمانی بکەنەوە.
لە ساڵی 2007ـدا توانی ئامێری (لیناک)کە ئەوکات تاکە ئامێربوو لە هەرێم و لە نەخۆشخانەی رزگاریی هەولێر بوو، بخاتەوە کار و خرایە خزمەتی نەخۆشانی شیرپەنجەوەو بووە سەرەتای ئەنجامدانی چارەسەر بە تیشک.
نۆیەم/ عەلی ئەکبەر مورادی:
مامۆستا عەلی ئەکبەر مورادی، لە ساڵی 1957 لە ناوچەی گۆرانی سەر بە کرماشان لە رۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، لە تەمەنی شەش ساڵییەوە بە هاندانی باوک و باپیری دەستی بە ژەندنی تەمبوور کردووە، مامۆستا بەتواناکانی وەک: سەید هاشم، عەلی میردەرویشی، سەید مەحمودی عەلەوی، سەیید وەلی حسەینی و سەید عەلی کەفاشیان رۆڵیان لە پێگەیاندن و فیرکردنیدا بینیوە.
مورادی بە پارێزەر و ئەمانەتداری مەقاماتی تەمبوور ناسراوە، جگە لەوەی دەیان کۆنسێرتی بە گرووپ لە وڵاتانی جیهاندا سازکردووە، بە شێوەی سەربەخۆش چەند بەرهەمێکی بڵاوکردووەتەوە و لە بواری فێرکردن و لێکۆڵینەوەشدا رۆڵی کاریگەری هەبووە و چەندین بەرهەمی بە زمانی ئینگلیزی لە دەرەوەی وڵات چاپکراون.
دەیەم/ ئیبراهیم ئەمین باڵدار:
باڵدار لە ساڵی 1949 کتێبی (ئەلف و بێی نوێ)ی کوردی بۆ خوێندکارانی پۆلی یەکەمی سەرەتایی دانا و کتێبەکەی لەلایەن مەعاریفی سلێمانی و وەزارەتی مەعاریفی عێراق و یونسکۆوە پەسەندکرا و لە ساڵی 1951 چاپکرا و کرایە پرۆگرامی خوێندنەوە.
کتێبی (ئەلف و بێی نوێ)ی کوردی پێکهاتووە لە 56 وانە و هەر وانەیەک نزیکەی 15 وشە لەخۆدەگرێت، لە ساڵانی 1953 و 1956ـدا دوو جار گۆڕانکاری لە (ئەلفو بێ) کەیدا کرد و چاپی کردەوە، ئەلف و بێی باڵدار بۆ دەیان ساڵ بووە سەرچاوەی خوێندن و فێربوون لە قوتابخانەکان و زیاتر لە 35 جار چاپکراوەتەوە.
هەموو ئەوانەی لە قۆناغی خوێندنی سەرەتاییدا ئەم (ئەلف و بێ)یەیان خوێندووە، ئێستاش بابەتە سەرنجڕاکێشەکانی لە هزر و یادەوەرییان ماوە و رستە و دەستەواژەکانی وەک (دارا دوو داری دی، مێووژی نایاب، دۆی دادە رژاوە)، لە گوێیاندا دەزرنگێتەوە.