ئەسفەهان… لە “نیوەی جیهان”ەوە بۆ شاری پیشەسازیی سەربازی ئێران



شارێکی دێرینی ئێرانە، بە ناوەندێکی دیار لە بواری پیشەسازیی سەربازی دادەنرێت، شوێنە هەستیارە ئەتۆمی و سەربازییەکان لەخۆدەگرێت، وەک دامەزراوەی (ناتانز و بنکەی سەربازی هاشتام شیکاری و بنکەی نەسر بۆ پەرەپێدان و دروستکردنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان)، ئەم ناوەندە گەورە و دیارانە وایکردووە بۆ بەئامانجگرتن هەمیشە چاوی لە سەر بێت.

 

ئەسفەهان سێیەم گەورەترین و پڕ دانیشتوانترین شاری ئێرانە و نوێنەرایەتی ناوەندێکی پیشەسازیی دیار و بازاڕێکی بازرگانی چالاک دەکات، بەهۆی ئاسەوارە مێژووییەکانی و میراتی دەوڵەمەندەوە، یەکێکە لە شوێنە گرنگە ئاسەوارییەکانی جیهانی تەنانەت لە کلتوری جەماوەری ئێراندا وەک “نیوەی جیهان” ناودێر کراوە.

 

شاری ئەسفەهان دەکەوێتە ناوەڕاستی ئێران و نزیکەی ٣٤٠ کیلۆمەتر لە باشووری تارانی پایتەختەوە دوورە، ڕووبەرەکەی نزیکەی ١٠٧ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشەیە، نزیکەی ١٦٠٠ مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە.

 

کەشوهەوای ئەسفەهان بە گشتی بە هاوینی گەرم و وشک، زستانی زۆر سارد و کەم باران بەناوبانگە.

 

هەر لەم شارەدا، کۆمپانیا پیشەسازییە گرنگەکانی وەک: کۆمپانیای “موبارەکا”، کە بە بەرهەمهێن و گەورەترین کارگەی پۆڵا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا هەژمار دەکرێت، هەروەها کۆمپانیای بەرهەمهێنانی فڕۆکەی ئێرانی “حەسا”ش لەخۆدەگرێت.

 

شارەکە بە درێژایی سەردەمەکان پێگەیەکی دیار و بەرچاوی هەبووە، یەکێک بووە لە گەورەترین و گرنگترین شارەکانی ناوچەکە، بەو پێیەی دەکەوێتە چوار ڕێیانی ڕێگا سەرەکییەکانی بازرگانی کە ئاسیای ناوەڕاست دەبڕن، کە بە “رێگای ئاوریشم” ناسراوە.

شارەکە بە گرنگیی مێژوویی جیا دەکرێتەوە، بەو پێیەی لە سەردەمی دەوڵەتی سەلجوقی و سەفەویدا بۆ ماوەیەکی زۆر پایتەختی وڵات بووە و فەرمانڕەواکانیش ئاگایان لێی بووە، بۆیە بەردەوام گەشەی کردووە و درەوشاوەتەوە و بە کۆشکە بەرز و قەڵا و مزگەوت و بازاڕە گەشەسەندووەکانی بووەتە رەمزێکی دیاری شارستانی.

 

هەندێک لە مێژوونووسان باس لەوە دەکەن کە لە سەدەی حەڤدەهەمدا شارەکە زیاتر لە ١٦٢ مزگەوت و ٤٨ قوتابخانە و ١٨٠٢ بینای بازرگانی و ٢٨٣ گەرماوی تێدا بووە.

 

ئەسفەهان، لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانەوە لە دوای شارەکانی تاران و مەشهەد دێت و تێکەڵەیەک لە نەتەوە جیاوازەکان لەخۆدەگرێت، دیارترینیان: فارس، کورد، تورک، ئەرمەن، جۆرجیی، کۆچەر و عەرەب.

 

زمانی فارسی زمانی فەرمی شارەکەیە و کەمینەکان – وەک ئەرمەنی و جوولەکە و تورکی جۆرجیا و کورد (لوڕ) – زمانەکانی خۆیان دەپارێزن.

 

ئایینی ئیسلام بە باڵادەست دادەنرێت و کەمایەتییە ئایینییەکانی دیکەی وەک مەسیحی و زەردەشتیشی تێدا دەژین.

 

بەدرێژایی مێژوو، شارەکە بە چەندین ناو ناسراوە، لەوانە “ئەنزان”، “کابیان” و “غابیە”، پاشان بە ئەسبەهان و دواتر بە “ئەسفەهان” ناسرا.

 

ڕا جیاوازی هەیە لەسەر سەرچاوەی ناوی شارەکە “ئەسفەهان”، مێژوونووسان باس لەوە دەکەن کە ناوی شارەکە لە ئەسفەهانی کوڕی فەلوجی کوڕی لێنتی کوڕی یونانی کوڕی یافتەوە ناونراوە.

 

مێژوو نووسان، پێیان وایە ناوەکە ئاوێتەی “ئەسب”، بە واتای ئەسپ و “هان”، بە واتای نیشتمان، وەک ئەوەی مەبەستیان لەو ناوە “نیشتیمانی سوارچاکان” بێت، یان ئەوەیە لە وشەی “سبا” وەرگیراوە، کە بە واتای سوپا دێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە قەڵایەکی بەهێز بووە بۆ سوپاکان.

مێژووی ئەسفەهان دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٥٠٠ ساڵ پێش زایین، کە هەخامەنییەکان تیایدا فەرمەنڕەوا بوون و لەو ماوەیەدا ئایینی زەردەشتی تیایدا سەری هەڵداوە.

 

لە ساڵی ٣٣٤ پێش زایین، ئەسکەندەری مەکدۆنی توانی لە چیای (کوه سۆفیا) لە باشووری ئەسفەهان، بەسەر پاشا داریۆسی دووەمدا سەربکەوێت کە دوا پادشای هەخامەنییەکان بوو، شارەکە ملکەچی دەسەڵاتی مەقدۆنیەکان بوو تا کەوتە دەستی ساسانییەکان.

 

لە ساڵی ٦٤٣ی زایینی و دوای نەمانی دەسەڵاتی ساسانییەکان، لە سەردەمی خەلیفە عومەری کوڕی خەتاب، شارەکە سیمایەکی ئیسلامیانەی وەرگرت لە تەلارسازیدا و ژیان بەڕووی کلتور و فەرهەنگ و زانستی ئیسلامیدا دەرگایەکی دیکەی بەروودا کرایەوە.

 

لە سەردەمی ئەمەوی و عەباسیدا، ئەسفەهان شایەتی شۆڕش و ململانێی زۆر بوو، ئەمەش بە هۆی پێکهاتەی دانیشتووانەکەی کە تێکەڵەیەک بوو لە عەرەب و تورک و کورد و فرەیی ئاین و مەزهەب، بەڵام توخمە فارسییەکە تیایدا باڵادەست بوو.

تا کۆتایی سەدەی دەیەمی زایینی خەلافەتی عەباسی بەردەوام بوو، پاش نەمانی رۆڵی ئەم خەلافەتە خانەدانە ناوخۆییەکانی وەک کاکویدەکان و بویدەکان سەریان هەڵدا کە دەستیان کرد بە حوکمڕانی ناوچەکە و لە ساڵی ١٠٣٠دا سوڵتان مەحمودی غەزنەوی دەستی بەسەر شارەکەدا گرت.

 

لە ناوەڕاستی سەدەی یازدەهەمدا، شارەکە کەوتە دەست دەوڵەتی سەلجوق بە سەرۆکایەتی سوڵتان تۆغورل بێگ لە سەردەمی سوڵتانی سەلجوقی مەلیکشادا، شارەکە بووە پایتەختی وڵاتەکە، پێگەی وڵاتەکەی بەرزبووەوە و فراوانتر بوو، ئابوورییەکەی بووژایەوە، زانست و هونەر و تەلارسازی گەشەیان کرد و ئەسفەهان بوو بە ناوەندێکی زانستی بەناوبانگ کە گەشتیارانی بۆ لای خۆی ڕادەکێشا.

 

لە سەرەتای سەدەی شانزەهەمدا ئەسفەهان، کەوتە ژێر دەسەڵاتی سەفەوی و مەزهەبی شیعە لەسەراپای ناوچەکەدا بڵاوبووە وە، ئەم سەردەمە بەتایبەت لە سەردەمی حوکمڕانی شا عەباسی یەکەمدا، “سەردەمی زێڕین”ی شارەکە بوو، بەو پێیەی دوای ئاوەدانکردنەوەی، شار گەیشتە لوتکەی خۆشگوزەرانی و لە ساڵی ١٥٩٠ دووبارە بووەوە بە پایتەختی وڵات و ناوەندێکی گەورەی ڕۆشنبیری بۆ زانست و هونەر و تەلارسازی و ئەدەب، وایلێهات بووە یەکێک لە گەورەترین و جوانترین شارەکان لە سەدەی حەڤدەهەمدا.

لە ساڵی ١٧٢٢ی زایینی، مەحمود ئەفغانی هێرشی کردە سەر شارەکە و لەو نێوەندەدا بە هۆی برسێتی و تاعونەوە شار بووە وێرانە، بارودۆخ خراپ بوو و ژمارەی دانیشتوانەکەی ڕووی لەکەمی کرد.

پاش ئەمە تەهماسب قولیخان، دەسەڵاتی گرتە دەست، توانی لە ساڵی ١٧٢٩ دەسەڵاتی شارەکە وەربگرێتەوە، بەڵام هێندەی نەبرد لەلایەن یەکێک لە پاسەوانەکانیەوە کوژرا، دواتر کەریم خانی زەند لە ساڵی ١٧٤٧دا توانی کۆنترۆڵی خۆی بەسەر فەرمانرەوایی شارەکەدا بکات.

 

ساڵی ١٧٩٥ شانشینی قاجار دەسەڵاتی لە ناوچەکەدا گرتە دەست، پاشان ڕەزاخان بوو بە پادشای ئێران لە ساڵی ١٩٢٥، کە یەکەم پاشای دەوڵەتی پەهلەوی بوو، لە سەردەمی ئەودا شارەکە دەستی بە گەشەکردنکردەوە .

 

دوای شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران لە ساڵی ١٩٧٩، ئەسفەهان بوو بە یەکێک لە گەورەترین و گرنگترین شارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران.

 

شاری ئەسفەهان نوێنەرایەتی ناوەندێکی ئابووری چالاک دەکات، یەکێکە لە شارە پیشەسازییە گرنگەکانی ئێران و چەندین کارگەی گرنگی وەک پۆڵا، چیمەنتۆ، پاڵاوتنی نەوت، قوماش و کارگەی بونیادنان لەخۆدەگرێت.

 

شارەکە بەناوبانگە بە کارە دەستییەکانی وەک زیو و مس و دار و پۆرسەلین و شووشە و بە فەرشە گرانبەهاکانی جیا دەکرێتەوە.

بەهۆی بەپیتی خاکەکەی و زۆری ئاو، ناوچەیەکی کشتوکاڵی دیارە و بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەمەچەشنن، هەر ئەمەش وایکردووە بە بازاڕێکی بازرگانی گرنگ لە وڵاتەکەدا دابنرێت.

 

شارەکە بە هۆی بەردەستبوونی ژمارەیەکی زۆر لە ناوچە شوێنەوارییەکان، جگە لە کەشوهەوای ئاسایی و جوانی سروشت و هەمەجۆریی زەوییەکانی، ئەوەی زیاتر جوانی کردووە هەڵکەوتەکەیە لە کەناری ڕووباری زایاندە، کە پارک و باخچەی میوەهاتی جۆراوجۆری تێدا هەیەو ڕووبارەکەی بە پردێکی مێژوویی ڕازاوەتەوە.

 

ئەسفەهان پڕە لە شوێنەوارە مێژووییەکان، کە سیمایەکی ئیسلامییانەی جیاوازیان هەیە، ڕێکخراوی پەروەردەو زانست و کولتووریی نەتەوە یەکگرتووەکان(یونسکۆ) ” ئەسفەهان “ی وەک شارێکی میراتی جیهانیی پۆلێنکردووە.

 

لە دیارترین شوێنە مێژووییەکانی شارەکە:

مەیدانی نەقش جەهان”: بە گۆڕەپانی ئیمام و مەیدانی شا ناسراوە، لە سەرەتای سەدەی حەڤدەهەمدا لەلایەن شا عەباسی یەکەمەوە دروستکراوە.

 

گۆڕەپانەکە چەندین شوێنی مێژوویی لەخۆدەگرێت، وەک مزگەوتی شاهانە، قەیسەری، کۆشکی تەیموری کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی پانزەهەم و بە بینای زەبەلاح دەورە دراوە، کە بە کەوانەی دوو نهۆمی بەیەکەوە گرێدراون، کە لە ساڵی ١٩٧٩دا خرایە لیستی میراتی ئاسەواری جیهانی یونسکۆ.

 

مزگەوتی ئەسفەهان: بە “مزگەوتی عەتیق”یش ناسراوە، دەکەوێتە ناوەندی مێژوویی شاری ئەسفەهان کۆمەڵگەیەکی گەورەی مێژووییە و بە کۆنترین بینای مێژوویی پارێزراو دادەنرێت.

 

مزگەوتەکە بە ئەیوانەکانی جیا دەکرێتەوە کە هەریەکەیان نوێنەرایەتی ڕێبازی تەلارسازییەکی ئیسلامی دەکەن لە قۆناغێکی دیاریکراوداو لە سەردەمی جیاوازدا نۆژەنکراوەتەوە و فراوانکراوە، ئەمیش لە ساڵی ٢٠١٢دا خرایە لیستی میراتی ئاسەواری جیهانی یونسکۆ.

 

پردەکانی ئەسفەهان: پردەکانی ئەسفەهان بە یەکێک لەو تایبەتمەندیانە دادەنرێت کە سیمای تایبەتی خۆی بە شارەکە بەخشیوە و لەسەر ڕووباری زایاندە دروستکراون و بریتین لەپردی ٣٣ کەوانەیی، کە لە سەردەمی دەسەڵاتی سەفەویدا دروستکراون، کە پێشتر هەموو ئاهەنگەکانی دەوڵەتی سەفەوی لەسەر ئەم پردە بەڕێوە دەچوون.

 

پردی “خواجو”: لە سەردەمی سەفەویدا دروستکراوە، و تایبەتمەندە بە دیزاینە ناوازە و شێوە ئەندازەییە ئیسلامییەکەی و لە دوو نهۆم پێکهاتووە، ئەوەی سەرەوە بۆ تێپەڕبوونی خێرایە، ئەمەی خوارەوە بۆ پیاسەکردن و پشوودانە لە کەنار ڕووبار و سروشتە دڵڕفێنەکەیدا.

 

پردی شەهرستان: لە سەدەی چواردەی زایینی لە ڕۆژهەڵاتی شاری ئەسفەهان دروستکراوە، دیزاینەکەی لە شێوازی تەلارسازیی ڕۆمانیی وەرگیراوە، بۆ بەستنەوەی گوندی شەهرستان بە ناوچە کشتوکاڵیەکان لە کەناری باشوور.

 

کۆشکی عەلی قابو: ژووری مۆسیقای سۆفی و هۆڵی پێشوازی لەخۆدەگرێت، ئامانجی دروستکردنیشی بۆ پێشوازیکردن لە باڵیۆز و نێردراوان بووە، کە

پێکهاتووە لە ٦ نهۆم و لەسەر ١٨ ستوونی دار دروستکراوە، باڵکۆنی زۆری تێدایە، هەروەها بە دیکۆرات و تابلۆی سەرنجڕاکێش ڕازاوەتەوە لە ناوەڕاستی کۆشکەکەدا حەوزێکی گەورەی ڕووپۆشکراو بە مس بوونی هەیە.

 

بازاڕی شاهانی یان “قەیسەریی”: یەکێکە لە دیارترین شوێنەوارەکانی ئەسفەهان، کە لە سەردەمی سەفەویدا بۆ هاندانی بازرگانی دروستکراوە .

ئەپیکۆر: ئامادەین بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم
پێت ئەپیکۆر: ئامادەین بۆ هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم
ئەحمەد سەفار: كێشەی مووچە سەرهەڵدەداتەوە و مووچەخۆران دەبنە قوربانی
دوات ئەحمەد سەفار: كێشەی مووچە سەرهەڵدەداتەوە و مووچەخۆران دەبنە قوربانی
پەیوەنیدر