ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا دوێنێ لە سەردانێکیدا گەیشتە عێراق، چەندین کۆبوونەوەی گرنگی ئەنجامدا، یاداشت و لێکتێگەیشتنی هاوبەشی لەنێوان هەردوو وڵات واژۆ کرد، لەنێویاندا پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی عێراق.
دوێنێ لە کاتی سەردانیکردنی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ عێراق، یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی چوارلایەنە لە بەغدا واژۆ کرا بۆ دامەزراندنی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان، کە عێراق، تورکیا و دەوڵەتانی کەنداو بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
هاوکات لەگەڵ کۆبوونەوەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە بەغدا، جاسم بن سەیف سەلێتی، وەزیری گواستنەوەی قەتەر و سوهەیل محەمەد مەزروعی، وەزیری وزەی ئیماراتی، گەیشتنە بەغدای پایتەخت.
محەممەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، هەر چوار لایەنی عێراق، تورکیا، قەتەر و ئیمارات یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژۆ کردووە، کە ئامانج کاری هاوبەشە بۆ بونیاتنانی پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی ستراتیژی.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، وڵاتانی واژۆکار چوارچێوەی پێویست بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە دادەڕێژن، کە یاداشتەکە لە لایەنی عێراقییەوە لەلایەن وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، ڕەزاق مەحیبس واژۆ کراوە، لە لایەنی تورکیاوە وەزیری گواستنەوە، عەبدولقادر ئۆرالۆغڵو، لەلایەنی قەتەرییەوە، وەزیری گواستنەوە، جاسم بن سەیف سەلێتی، لەلایەن وەزیری وزەی ئیمارات، سوهەیل محەمەد مەزروعی واژۆ کرا.
پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی ستراتیژی دەبێتە هۆی گەشەی ئابووری، بەهێزکردنی پەیوەندییە هاوکارییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان لە ڕێگەی گەیشتن بە یەکخستنی ئابووری لە نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا، هەروەها کاردەکات بۆ زیادکردنی بازرگانی نێودەوڵەتی و ئاسانکاری جوڵە و بازرگانی، دابینکردنی ڕێڕەوێکی نوێی گواستنەوەی هاوبەش.
بەرپرسێکی عێراقی لە وەزارەتی دەرەوە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ “ئەلعەرەبی ئەلجەدید” سەبارەت بەو سەردانە ڕایگەیاند، پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان بەندەرەکانی بەسرە لەسەر کەنداوی عەرەبی بە خاکی تورکیاوە دەبەستێتەوە، ئەنقەرە و بەغدا لەسەر پێویستیی چوونە ناو پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی زەمینی لایەنەکانی دیکە کۆکن، کە کەنداوی عەرەبی بە تورکیاوە دەبەستێتەوە و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا لە ڕێگەی عێراقەوە، هەروەها بەرژەوەندی قەتەر و ئیماراتیش لەو پرۆژەیەدا هەیە.
پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان.. وردەکاری و گرنگی
ئەمین تەها، سەرۆکی ڕێکخراوی پەیوەندییە ئابوورییەکانی تورکیا و عێراق، ڕایگەیاند، گرنگترین ئەو فایلانەی کە واژۆ دەکرێن پەیوەندییان بە پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان و ڕێگای وشکانییەوە هەیە کە عێراق بە تورکیاوە دەبەستێتەوە لە بەندەری ئوم قەسرەوە لە بەسرە بۆ دەروازەی سنووری تورکیا.
ئاماژەی بەوەشکرد، ڕێگای گەشەپێدان سەدان هەزار هەلی کار بۆ گەنجانی عێراق دەڕەخسێنێت و هانی کەرتی تایبەتی عێراق دەدات بۆ دامەزراندنی کۆمپانیای نوێی کەشتیوانی، چونکە کەلوپەل لە ئەوروپاوە دەگوازرێتەوە بۆ کەنداوی عەرەبی لەوێشەوە بۆ چین و وڵاتانی دیکەی جیهان.
هێڵی پڕۆژەی گەشەپێدانی ستراتیژی بریتییە لە گواستنەوە لە بەندەری گەورەی فاو لە بەسرە لە باشووری عێراق بۆ ناوچەی پێشخابوور لەسەر سنووری تورکیا.
لەو چوارچێوەیەدا، هێڵێکی شەمەندەفەر بە درێژی 1175 کیلۆمەتر و ڕێگایەکی وشکانی بە درێژی 1190 کیلۆمەتر ڕێگاکە لە باشووری وڵات دوو ڕێڕەوی جیاوازی هەیە، بەڵام لە باکووری پارێزگای کەربەلا لە باشووری بەغدا یەکتر دەبڕن، پاشان هاوتەریبی یەکتر دەڕۆن تا دەگەنە ناوچەی پێشخابوور.
مەیسم سافی، وتەبێژی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق، پێشتر بە “ئەلعەرەبی ئەلجەدید”ی ڕاگەیاندبوو، دیزاینی کۆتایی پڕۆژەکە بۆ وەبەرهێنان دەخرێتە بەردەم کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان بە شێوەیەکی هاوتا لەگەڵ سروشت و قەبارەی پڕۆژەکە، بەپێی ئەو مەرج و تایبەتمەندییە تەکنیکییانەی کە بەرژەوەندییەکانی عێراق داوایان لێدەکات.
مەیسم سافی، ڕوونیشیکردەوە، درێژی پڕۆژەکە هەزار و 200 کیلۆمەتر دەبێت، لە بەندەری گەورەی فاو لە باشوورەوە درێژدەبێتەوە، پاشان پارێزگای بەسرە، زیقار، کەربەلا و نەجەف، بە بەغدای پایتەخت، سەڵاحەدین و نەینەوا، تێدەپەڕێت و لە خاڵی سنووری پیشخابوور بەرەو دیوی تورکیا کۆتایی دێت.
ئاماژەی بەوەکردووە، تێچووی تەواوکردنی پڕۆژەکە بە ١٧ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، 10 ملیاریان بۆ کڕینی شەمەندەفەری کارەبایی خێرا بۆ گواستنەوەی بار و کاڵا و سەرنشینەکانە و ئەوەی دەمێنێتەوە بۆ درێژکردنەوەی هێڵی ئاسن و ڕێگاوبانەکانە.