ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە دامەزراندنی هەمیشەیی فەرمانبەرانی گرێبەستى كارگێڕی و مامۆستایانی وانەبێژ.
ئیبراهیم جبوری، وەزیری پەروەردەی عێراق لە هەژماری خۆی لە تویتەر بڵاویكردەوە، ئەنجوومەنی وەزیران دەنگیدا بە دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ و فەرمانبەرانی گرێبەست لەسەر میلاكی هەمیشەیی و جێگیرکردنیان لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ی وڵاتدا.
دەشڵێت: “بەڵێنمان پێدان و بەجێمان گەیاند، ئێوە بەشێكن لە ئێمە، بۆیە دەمەوێت مژدەی ئەوەتان پێ بدەم، كە دامەزراندنتان خرایە سەر میلاكی هەمیشەیی دوای ئەوەی لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆدا ئەنجوومەنی وەزیران دەنگی لەسەردا”.
لای خۆشیەوە، موحسن مەندەلاوی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە تویتەر نووسیویەتی، “پیرۆزبایی لە مامۆستایانی وانەبێژ دەكەم، كە ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بە دامەزراندنیان بە هەمیشەیی و ئەوەش هەنگاوێكی گەورەیە بە ڕێگای دروست”.
ئەم بڕیارەی حكومەتی عێراق لەكاتێكدایە، كە چەندین ساڵە زیاتر لە 30 هەزار مامۆستای وانەبێژ و زیاتر لە 20 هەزار فەرمانبەری گرێبەست لە هەرێمی كوردستان چاوەڕێی ئەوەن بكرێن بە هەمیشەیی و سەرەڕای چەندین یاداشت و داواكاری و بایكۆت و خۆپیشاندان، هێشتا حكومەتی هەرێم بڕیاری لە چارەنووسیان نەداوە و كارەكەی سپاردووە بە ئەنجوومەنی ڕاژەی گشتی.