دوابەدوای سەردانەكەی سەرۆك كۆماری توركیا بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیرانی عێراق، سودانی و ئەردۆغان ڕێككەوتنی چوارچێوەی هاوكاریی ئاوی نێوانیان واژۆكرد.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق خاڵە هەرە دیارەکانی ڕێککەوتنی چوارچێوەی هاوکاری ئاوی نێوان عێراق و تورکیای بڵاوكردەوە.
وەك نووسینگەی سودانی بڵاویكردۆتەوە، ئامانجی ڕێککەوتنەکە بریتییە لە:
1- پەرەپێدانی ڕێگاکانی لێکتێگەیشتن و هاوکاری لە کەرتی ئاودا، لەسەر بنەمای یەکسانی و نیازپاکی و دراوسێیەتی باش.
2- پەرەپێدانی دیدێکی نوێ بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ژێرخانی و وەبەرهێنان بۆ سەرچاوە ئاوییەکان لە عێراق.
3- پەسەندکردنی دیدگایەک بە ئامانجی تەرخانکردنی دادپەروەرانە و یەكسانی ئاوە سنووربەزێنەکان.
4- پەرەپێدانی دیدگایەک بۆ بەکارهێنانی ئاو بە شێوەیەکی عەقڵانی و کاریگەر.
ڕوونیشی كردۆتەوە، ڕێککەوتنەکە ئەمانەی خوارەوە لەخۆدەگرێت:
1- هاوکاری لە ڕێگەی پڕۆژەی هاوبەش بۆ باشترکردنی بەڕێوەبردنی ئاو لە حەوزی دیجلە و فورات.
2- بانگهێشتکردنی کۆمپانیا تورکییەکان بۆ هاوکاریکردن لە ژێرخانی پڕۆژەکانی ئاودێری وەک؛ سیستەمی کۆکردنەوەی ئاو و بەنداوەکان، ئاسترکردنی کەناڵەکان، دانانی وێستگەی پاڵاوتنی و شووتیکردن، و پڕۆژەکانی پاککردنەوەی ئاو.
3- جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان و بەکارهێنانی سیستەم و تەکنیکەکانی ئاودێری مۆدێرن و پاکەتکراو.
4- جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە بۆ ماوەی 10 ساڵ بەردەوام دەبێت، و هەر جارێک دوای ڕێککەوتنی هەردوولا بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی بۆ ماوەی ساڵێک درێژ دەکرێتەوە.