پزیشکێک لە “خەڵک” ەوە ڕێنمایی بە هاووڵاتییان دەدات



لەگەڵ کۆتاییهاتنی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز و جەژن، پەتایەكی توند و قورس لەناو هاووڵاتییاندا بەشێوەیەكی فراوان بڵاوبووەتەوە و پزیشكێكی پسپۆڕیش دەڵێت، “ئەم پەتایە هاوشێوەی ساڵانی ڕابردووە”.

دکتۆر گۆران محێدین، پزیشکی پسپۆڕی هەناوی لە لێدوانێکدا بۆ (خەڵک) سەبارەت بەو پەتایەی کە بڵاووبووەتەوە، ڕایگەیاند، “ئەم پەتایەی کە ئێستا لەناو خەڵکدا بڵاوبووەتەوە، هاوشێوەی ساڵانی ڕابردووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە مانگی پیرۆزی ڕەمەزان هاتووچۆ و تێکەڵی خەڵک کەمتر بوو، هەر بۆیە درەنگ تر دەرکەوت، لە دوای جەژن ژمارەی نەخۆش زیادیکرد”.

وتیشی، نیشانەکانی هاوشێوەی پەتای ساڵانی ڕابردووە، سەر ئێشە، گیان ئێشە، ئاوهاتن لە لوت، تا، کەمبوونەوەی ئارەزووی خواردن، کۆکە.

بە وتەی ئەو پزیشکە پسپۆڕە، هەندێک لە نیشانەکانی ئەم پەتایە هاوشێوەی کۆرۆنایە، بەڵام ژمارەی حاڵەتی قورسی توشبوون بە پەتاکە، کە پێویست بە داخڵکردن بکات، زۆر کەمە.

ئاماژەی بەوەکرد، ژمارەی نەخۆش بۆ بەشی ڕاوێژکاری زیادیکردووە، بەڵام بۆ بەشی فریاکەوتن و داخڵ بوون لە نەخۆشخانە زیادی نەکردووە، مەگەر لە حاڵەتێکدا ئەو کەسەی پەتا دەکرێت نەخۆشی درێژخایەنی وەک: شێرپەنجە، زەخت و شەکرەی هەبێت، کە بەرگری لەشی کەمە.

دکتۆر گۆران محێدین لەبارەی ڕێکارەکانی خۆپارێزییەوە ڕایگەیاند، ئەو کەسەی توشدەبێت باشترە چەند ڕۆژێک لە ماڵەوە پشوو بدات، نزیک نەبێتەوە لە ژنانی دووگیان، ئەو کەسانەی کە نەخۆشی درێژخایەنیان هەیە، یاخود بەتەمەنن، ماسک بەکاربهێنن، بەردەوام دەست بشۆن و نزیکنەبنەوە لە شوێنە قەرەباڵغەکان.

بۆ وەرگرتنی چارەسەریش، ئەو پسپۆڕە وتی، کەسانی تووشبوو دەتوانن ئازارشكێن بەکاربهێنن، شلەمەنی، میوە و سەوزە بخۆن، بەڵام باشتر وایە هیچ دەرمانیک بەبێ ڕاوێژی پزیشک بەکارنەهێنرێت، بە تایبەتی دژە بەکتریاکانی وەک (سێ حەپە سوورەکە)، چونکە لە دریژخایەندا کارەسات دروست دەکەن، وادەکات کە بەرگری لەش بۆ بەکتریاکان نەمێنێت.

 

یەکێتی داوای چارەسەرکردنی کێشەی فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکات
پێت یەکێتی داوای چارەسەرکردنی کێشەی فڕۆکەخانەی سلێمانی دەکات
بارزانی: داوا لە ڕۆژنامەنووسان دەکەم ئەرکەکانیان پیشەییانە جێبەجێ بکەن
دوات بارزانی: داوا لە ڕۆژنامەنووسان دەکەم ئەرکەکانیان پیشەییانە جێبەجێ بکەن
پەیوەندیدار