جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی و یادی ١٢٦ ساڵەی دەرچوونی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی پەیامێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، ئەرکی حکومەت و دەسەڵاتی سیاسییە کێشە و کەموکوڕییەکانی بەردەم ئازادی کاری ڕۆژنامەگەری چارەسەر بکات.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی و یادی ١٢٦ ساڵەی دەرچوونی یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی لە هەموو ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانی کوردستان پیرۆزبێت.
ئاماژەی بەوەکرد، لەم یادەدا و لە بڕوای تەواومەوە بە ئازادی ڕۆژنامەوانی و سەرجەم ئازادییەکانی تر، داواکارم هەم ئێمەی لە دەسەڵات و لایەنە سیاسییەکان و هەم خودی کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و رۆژنامەنووسان بە دیدێکی ڕەخنەگرانەوە دۆخی ئێستای ڕۆژنامەگەریی کوردی هەڵبسەنگێنین.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەرکی حکومەت و دەسەڵاتی سیاسییە کێشە و کەموکوڕییەکانی بەردەم ئازادی کاری ڕۆژنامەگەری چارەسەر بکات، یاساکانی کاری ڕۆژنامەگەری و مافی دەستخستنی زانیاری وەک خۆی جێبەجێبکات و گۆڕانکاری لە شێوازی مامەڵەکردنی هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ ڕۆژنامەنووساندا بکات.
باسی لەوەکرد، لە بەرامبەریشدا کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامەنووسانیش لە ڕێگەی پەرەپێدان بە توانا پیشەییەکانی خۆیان و پابەندبوونیان بە بەها باڵاکانی ڕۆژنامەگەری، ئاستی متمانە بە کاری ڕۆژنامەگەری لەناو کۆمەڵگادا بەرز بکەنەوە، لەسەرمانە بە چاوی رێزەوە سەیری پیشە و ئەرکی ڕۆژنامەگەری بکەین و پارێزەری ئازادی کاری ڕۆژنامەگەری بین.