ئەردۆغان ئەمڕۆ دەگاتە عێراق



بڕیارە ئەمڕۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا بۆ تاوتوێکردنی چەند دۆسیەیەکی سیاسی و ئەمنی و ئابووری بگاتە بەغدا و پاشان سەردانی هەولێر دەکات.

باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق، ڕایگەیاند، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لە کاتی سەردانەکەیدا بۆ عێراق دوو ڕێککەوتننامەی ستراتیژی واژۆ دەکات، کە یەکێکیان تایبەتە بە دۆسیەی ئاو، لەگەڵ زیاتر لە 20 یاداشتی لێكتێگەیشتن.

باسم عەوادی، ئاماژەی بەوەکرد، ماوەی ساڵێک زیاتر دەبێت ئامادەکاری بۆ سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەکرێت، کە بە سەردانێکی مێژوویی دادەنرێت بەو پێیەی لە ماوەی 13 ساڵدا یەکەمجارە بێتە عێراق، دواجار ساڵی 2011 بوو کە هاتە بەغدا.

وتیشی، سەردانەكە دەبێتە خاڵێكی سەرەتای زۆر گەورە بۆ پەیوەندییەكانی عێراق و توركیا، بڕیارە لەبارەی دۆسیەی ئەمنی، ئاو، کشتوکاڵ، ئابووری و ئاڵوگۆڕی بازرگانی گفتوگۆ بکرێت، هاوکات ڕێگای گەشەپێدان تاووتوێ دەکرێت بەئامادەبوونی وەزیرانی گواستنەوە لە وڵاتانی قەتەر و ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی، ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی ڕێككەوتنێكی چوار قۆڵی بۆ دەستپێكردنی دانانی بناغەكانی ڕێڕەوی گەشەپێدان دەکرێت.

وتەبێژی حکومەتی عێراق باسی لەوەشکرد، بڕیارە گفتوگۆ لەبارەی دۆسیەی ئەمنی پەیوەندیدار بە پارتی کرێکارانی کوردستان بکرێت، کە بە نیگەرانییەکی سەرەکی بۆ تورکیا دادەنرێت، یەکێکە لە پرسە چارەنوسسازەکان.

هاوکات لە دوێنێوە ئامادەکارییان بۆ پێشوازیکردن لە ئەردۆغان دەستیان پێکردووە و بەشێک لە شەقامەکان ئاڵای هەرێم و عێراق و تورکیا هەڵکراوە، دوێنێ شەویش قەڵای هەولێر بە ئاڵای تورکیا ڕازێندرایەوە.

“ڕۆژنامەنووسان لە سایەی حکومەتی هەرێمدا بە ئازادی و بێ هیچ سانسۆرێک، کاری پیشەیی خۆیان دەکەن”
پێت “ڕۆژنامەنووسان لە سایەی حکومەتی هەرێمدا بە ئازادی و بێ هیچ سانسۆرێک، کاری پیشەیی خۆیان دەکەن”
سۆران عومەر: بەغدا داوای داهاتی نەوتی و نانەوتی لە هەرێم دەکات
دوات سۆران عومەر: بەغدا داوای داهاتی نەوتی و نانەوتی لە هەرێم دەکات
پەیوەندیدر