فراكسیۆنی پارتی: هەژماری من دژی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی نیە



جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ڕێككەوتنەكەی هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ لەبارەی مووچە لەم كاتەدا چارەسەرێكی گونجاوە و ناكرێ بكرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی تەسكی هەندێك كەس و لایەن و دەشڵێت: هەژماری من دژی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی نیە.

مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە په‌رله‌مانی عێراق ڕایگەیاندووە، لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا، هەست بە چڕبوونەوەی هەوڵی هەندێك لایەنی ناوخۆیی دەكەین لەوانەی چارەنووس و ئایندەی خۆیان لە خراپیی دۆخی خەڵك دەبیننەوە و حەز دەكەن خەڵكی هەرێمی كوردستان بێمووچە بێت.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو لایەنانە لە ڕێگەی پەرلەمانتارەكانیانەوە فشار دەكەن و دەنگۆی ئەوە بڵاودەكەنەوە، گوایە دیسان بابەتی تەوتین هاتۆتەوە بەرباس و دەیانەوێ لەم ڕێگەیەوە مووچەخۆرانی كوردستان توشی دڵەڕاوكێ بكەن و دیسان بازاڕ بشڵەژێننەوە.

وتوشیەتی، “بە چاوی خۆمان دەبینین ئەم لایەنانە و پەرلەمانتارەكانیان ڕۆژانە شان بە شانی كەسانێكی شۆڤێنی، هانی دروستكردنەوەی ئەم كێشەیە دەدەن”.

ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دووپاتی دەكاتەوە، “ڕێككەوتنەكەی هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ لەبارەی مووچە لەم كاتەدا چارەسەرێكی گونجاوە و ناكرێ بكرێتە قوربانیی بەرژەوەندیی تەسكی هەندێك كەس و لایەن! باشترە پاشان هەنگاو بەرەو ئەوە بنرێت، كە لە چوارچێوەی پرۆژەی (هەژماری من)دا تەوتینی مووچەخۆران بكرێت و كێشەی مووچە بە یەكجارەكی چارەسەر بكرێت”.

جەختیشی كردۆتەوە، هەژماری من دژی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی نیە، هەروەك هادی عامریش رایگەیاند، لە تەوتینەكەی عێراقیشدا بانكی ئەهلی هەن و بەشدارن.

قەرەنی ئاماژەی بەوەشكردووە، “هیوادارین هەموو لایەنەكان لە كوردستان، بەرژەوەندیی خەڵكی بە گشتی و مووچەخۆران بەتایبەتی، لەبەرچاو بگرن، واز لەوە بێنن ڕۆژێك لە ڕێگەی دەستەی جێگومانەوە واژۆی ساختە بێننە بەغدا و جارێكی تر لەڕێی پەرلەمانتارەكانیان لە لیژنەی دارایی داوای سەیروسەمەرە لە وەزارەتی دارایی عێراق بكەن. پێیان دەڵێم، لەوە دڵنیا بن كە ئەگەر بەو خۆچەماندنەوەیەی ئێوە بوایە، بەغدا مووچەیەكی بۆ مووچەخۆران نەدەنارد”.

خانمی یەکەمی عێراق پشتیوانی لە داواکانی ڕۆژنامەنووسان دەکات
پێت خانمی یەکەمی عێراق پشتیوانی لە داواکانی ڕۆژنامەنووسان دەکات
بەوێنە؛ ژنێك لەكاتی كۆكردنەوەی گیای بەهارە ورچ پەلاماری دەدات
دوات بەوێنە؛ ژنێك لەكاتی كۆكردنەوەی گیای بەهارە ورچ پەلاماری دەدات
پەیوەندیدر