وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی کوردستان وردەكاری گۆڕانكاری لە بڕی ماددەكانی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان ڕادەگەیەنێت، كە بەپێی بڕیاری وەزارەتی بازرگانی عێراق دۆشاوی تەماتەی دوو مانگ بەیەكەوە دابەش دەكرێت و بڕی بەشی برنجی هاووڵاتیان نیو كیلۆی لێ كەم كراوەتەوە.
وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی هەرێم لە ئاگادارییەكدا ئاماژەی بەوەكردووە، كە بەپێی بڕیاری كۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراكی عێراق بڕی دوو كیلۆ و نیو برنج بدرێتە هەر هاووڵاتییەك واتە نیوكیلۆ كەمتر لە مانگەكانی ڕابڕدوو، هاوكات دۆشاوی تەماتە بۆ ئەم مانگە یەك قوتوی 800 غرامی دەدرێتە هەر هاووڵاتییەك لەبری بەشی سێهەم و چوارەمی خۆراك.
لای خۆشیەوە، نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم ڕوونی كردۆتەوە، بەشی یەکەم و دووەمی بەشەخۆراکی ئەمساڵ دابەشکراوە و لە بەشەخۆراکی سێیەمیش، دەست بە دابەشکردنی ئاردەکەی کراوە و ماددە خۆراکییەکانی دیکەش سبەی دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.
وتیشی، “بۆ ئەم مانگە گۆڕانکاریی لە بڕی ماددەکاندا کراوە، بۆ برنج لەبری سێ کیلۆ بۆ هەر کەسێک دوو کیلۆ و نیو نێردراوە، دۆشاویش لەبری ئەوەی ٤٠٠ گرامی وەربگرن ٨٠٠ گرام وەردەگرن بۆ هەر کەسێک، ئەو بڕە دۆشاوی دوو مانگە”.