ئامادەكردنی لیستی مووچەی مانگی 4ی فەرمانبەران لەكۆتایی نزیك بووەتەوە و ھێشتا ڕەوانەی بەغدا نەكراوە، بۆ مانگی 5یش دوو لیست ئامادە دەكرێت.
میدیاكانی یەكێتی لەزاری سەرچاوەیەك لە گەنجینەی سلێمانی بڵاویانكردەوە، لە ئێستادا ئامادەكردنی لیستی مووچەی مانگی چوار لە كۆتایی نزیك بۆتەوە، بۆ ئەوەی ڕەوانەی بەغدا بكرێت.
لەبارەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانەوە سەرچاوەكە وتی، “ھیچ رێنماییەك بۆ چۆنیەتی دەستپێكردنەوەی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەران نییە، بەڵام فەرمانگەكان بەپێی ئاگاداركردنەوەیان لەلایەن وەزارەتی داراییەوە لیستەكان ئامادە دەكەن”.
وتیشی، “لیستی مووچەی مانگی ٥ بە پلە بەرزكردنەوە و بەبێ پلە بەرزكردنەوە ئامادە دەكرێت و ڕەوانەی بەغدا دەكرێت” .
ئەمە لەكاتێكدایە، كە ماوەی دوو هەفتەیە فەرمانگەكان دەستیان كردووە بە ڕێكخستنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانگەكان و بڕیارە بۆ لیستی مووچەی مانگی 5 ئامادە بكرێت، كە بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دەبێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم هاوتای عێراق بكرێت.
ڕۆژی چوار شەممەی هەفتەی ڕابردوو، نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە پەراوێزی دیداری سلێمانی بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، “دوێنێ سێ شەممە، ئێمە كۆبوونەوەمان هەبوو لەگەڵ بەڕێوەبەری ژمێركاری و بەڕێوەبەری بودجەی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ و من پرسیاری ئەوەم كرد، ئەوان چاوەڕوانی هەرێمی كوردستان دەكەن، كە هەركات پلەبەرزكردنەوە لەگەڵ لیستی مووچەی مووچەخۆران بووە ژمارە و لەلایەن وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەوانە كرا، ئەوان وەكو وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدڕاڵ لارییان نییە و مووچەكەیان بۆ خەرج دەكرێت”.
جەختیشی كردەوە، وەزارەتی دارایی عێراق چاوەڕوانی هەنگاوی حكومەتی هەرێمن بۆ دووبارە بەرزكردنەوەی پلەی مووچەخۆران.