ڕاپۆرتێك 10 كارەساتیی ژینگەیی لە ساڵی 2022دا خستووەتەڕوو لە وشكەساڵی و لافاو و زریان و گەردەلوول.
ڕێكخراوی كریستیان ئەید 10 كارەساتیی ژینگەیی لە 2022 ئاماژە پێداوە كە زیانە ماڵییەكانی لەنێوان سێ بۆ 100 ملیار دۆلارە.
زریانی ئیان لە خۆرئاوای كوبا و باشووری خۆرهەڵاتی ئەمریكا بۆ ماوەی حەوت ڕۆژ بەردەوام بوو لە كۆتایی ئەیلوول، بەلای كەمەوە 150 كەس گیانیان لە دەستدا، 40 هەزار كەس ئاوارە بوون و زیانەكەی 100 ملیار دۆلار بوو.
وشكەساڵی لە ئەوروپا زیانەكەی 20 ملیار دۆلاربوو، هاوینی ڕابردوو ئەوروپا توندترین شەپۆلی وشكەساڵی لە ماوەی 500 ساڵی ڕابردوودا بەخۆوە بینی، كاریگەری گەورەی لەسەر خۆراك و وزە و ئاو و ژیانی وشكانی دانا، دارستانەكان ئاگریان گرت و سووتان و دانەوێڵە تێداچوو.
لافاو لە چین زیانەكەی 12.3 ملیار دۆلاربوو، لە حوزەیرانی ڕابردوو چین توندترین شەپۆلی باران بارینی بەخۆوە بینی لەساڵی 1961ەوە، بوو بەهۆی ڕوودانی لافاو و داڕووخانی زەوی، سەدان هەزار كەس ماڵەكانیان چۆڵكرد.
وشكەساڵی لە چین زیانەكەی 8.4 ملیار دۆلار بوو، لەكۆتایی ئاب چین لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرما و وشكەساڵی ڕووبەڕووبوو، بەیجین بەرزترین پلەی گەرمای لە ساڵی 1961وە تۆماركرد، بەجۆرێك 70 ڕۆژ پلەی گەرما بەرز بوون و باران بارین كەم بووەوە و ئاستی ئاو دابەزی، كاریگەری لە 450 ملیۆن كەس كرد.
لافاو لە ئوسترالیا زیانەكەی 7.5 ملیار دۆلاربوو، لەوێ بەهۆی لافاو 27 كەس گیانیان لەدەستدا و 60 هەزار كەس ئاوارەبوون لە كۆتاییەكانی مانگی فێبرایەری ڕابردوو ڕوویدا.
لافاو لە پاكستان زیانەكەی 5.6 ملیار دۆلاربوو، بەجۆرێك بووە هۆی گیان لەدەستدانی 1700 كەس و ئاوارەبوونی حەوت ملیۆن كەس.
گەردەلوولی یونیس زیانەكەی 4.3 ملیار دۆلار بوو، لە بەلژیكا و ئەڵمانیا و ئێرلەند و هۆڵەندا و پۆڵەندا و بەریتانیا ڕوویدا، حەوت كەس گیانیان لە دەست دا و بەریتانیا خێراترین بای لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردودا تۆماركرد.
وشكەساڵی لە بەڕازیل زیانەكەی 4 ملیار دۆلاربوو، بەجۆرێك زۆرینەی 2022 وشكەساڵی بوو، ئاستی ئاوی ڕووباری ئەمازۆنی زۆر دابەزاند.
گەردەلوولی ڤیۆنا زیانەكەی سێ ملیار دۆلاربوو لە ناوچەی دەریای كاریبی و كەنەدا لە ئەیلوولدا ڕوویدا، بەهۆیەوە 25 كەس گیانیان لەدەستدا، 13 هەزار كەس ئاوارەبوون.
لافاوەكانی باشووری ئەفریقا زیانەكانیان سێ ملیار دۆلار بوو، 459 كەس گیانیان لە دەستداوە، 40 هەزار كەس ئاوارەبوون.