وەزیری نەوتی عێراق ڕایگەیاند بەم نزیکانە دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لەڕێگەی بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهان دەکرێت.
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق بە ڕووداوی ڕاگەیاند، نووسراومان داوەتە حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی نەوت ڕادەستی کۆمپانیای سۆمۆ بکەن، تاوەکو لە ڕێگەی سۆمۆوە نەوتی هەرێم هەناردەی دەرەوە بکرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، دەربارەی ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوتی لە هەرێم حکومەتی ناوەندن ڕاستەوخۆ پەیوەندی لەگەڵ کۆمپانیاکان لە هەرێم نییە، بەڵام داوامان لە حکومەتی هەرێم کردووە کار ئاسانی بکەن بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنی تەواو.
حەیان عەبدولغەنی ئاشکراشیکرد، ئەو میکانیزمانەی داوامان کردووە بۆ نەوتی هەرێم پێشتر بە ڕێککەوتن بووە، و لە مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ ئەو ڕێککەوتنەمان لەگەڵ حکومەتی هەرێم ئەنجام داوە.
وتیشی، بەم نزیکانە دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دەکەین، و لە ڕێگەی بۆرییەوەنەوتی هەرێم هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیا دەکەین.
زیاتر لە ساڵیکە بە بڕیارێکی دادگای پاریس هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ دەرەوە ڕاگیراوە، هەوڵەکانیش بۆ دووبارە دەستکردنەوە بە هەناردەی نەوتی هەرێم بەردەوامە، کێشەی سەرەکیش لە ڕابردوودا تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێم بوو، کە عێراق ئامادەنییە بچێتە ژێرباری ئەو تێچووە زۆرەی کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێم داوای دەکەن، و داوای کردووە نەوتەکە بدرێتە کۆمپانیای سۆمۆ کە تاکە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی نیشتیمانییە لە عێراق.