ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، هەركات پلەبەرزكردنەوە لەگەڵ لیستی مووچەی مووچەخۆران، بووە ژمارە و لەلایەن وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەوانە كرا، وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ لارییان نییە و مووچەكەیان بۆ خەرج دەكرێت.
نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە پەراوێزی دیداری سلێمانی بۆ ڕۆژنامەنووسان ڕایگەیاند، لە دوای بڕیارەكەی دادگای باڵای فیدڕاڵی ئەتوانین بڵێین ئەو بابەتە بەتەواوی یەكلایی بۆتەوە، ئەمە سەرەرشای هەوڵی ڕابردووی هەردوو حكومەت و پەرلەمان بۆ چارەسەركردنی كێشەی مووچە.
وتیشی، “چاوەڕوان دەكرێت دوای هاتنەوەی شاندی حكومەتی عێراق لە ئەمریكا، هەمواری یاسای بودجە بگاتە پەرلەمان و لەناو ئەو هەموارە پرسی مووچە لە چوارچێوەی بڕیاری دادگای فیدراڵی، لە ڕووی ژمارە و پارە بكرێتە بڕگەیەكی یاسایی، كە ئەمەش گرنتییەكی زیاتر بەمووچەی مووچە خۆران دەدات و ئەو كێشەیە نامێنێت.
لەسەر بابەتی پلە بەرزكردنەوە ئاشكرای كرد، “دوێنێ سێ شەممە، ئێمە كۆبوونەوەمان هەبوو لەگەڵ بەڕێوەبەری ژمێركاری و بەڕێوەبەری بودجەی وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدراڵ و من پرسیاری ئەوەم كرد، ئەوان چاوەڕوانی هەرێمی كوردستان دەكەن، كە هەركات پلەبەرزكردنەوە لەگەڵ لیستی مووچەی مووچەخۆران بووە ژمارە و لەلایەن وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕەوانە كرا، ئەوان وەكو وەزارەتی دارایی حكومەتی فیدڕاڵ لارییان نییە و مووچەكەیان بۆ خەرج دەكرێت”.
جەختیشی كردەوە، وەزارەتی دارایی عێراق چاوەڕوانی هەنگاوی حكومەتی هەرێمن بۆ دووبارە بەرزكردنەوەی پلەی مووچەخۆران.