سەرۆکی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەنێت کوردستان لە دۆخێکی ئاڵۆزدایە و داوا دەکات قەوارەکە نەکرێتە قوربانیی ناڕەزایی لە دەسەڵات و سیاسییەکان.
ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە وتارێکیدا کە لە هەشتەمین دیداری سلێمانیدا پێشکەشی کرد، باسی لەو ئاڵنگاری و مەترسییانە کرد کە ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان، عێراق و ناوچەکە بوونەتەوە.
نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، کوردستان لە دۆخێکی ئاڵۆزدایە و چارەسەر ئەوەیە “کای کۆن بەبا نەکەین” و لە بری ئەوە لەسەر پێشکەوتن ڕێکبکەوین، چونکە ئەگەر ڕێکنەکەوین ئەو گرژییانەی ناوچەکەیان گرتووەتەوە زۆر زیانمان پێ دەگەیەنن”.
وتیشی: “پوختەی قسەی ناو دڵی خەڵکی کوردستان داواکردنی یەکڕیزی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانە…گەلی کوردستان گەلێکی یەکگرتووە و پێویستە لایەنە سیاسییەکانیش وەک گەلەکەیان بۆ بەرژەوەندی نیشتمان ڕێکبکەون و بەو شێوەیە دەتوانین هەڵبژاردنێکی ڕوون و دادپەروەرانە بکەین، بە ڕەزامەندی و بە بەشداری هەموولایەک”.
نێچیرڤان بارزانی وتیشی: “هەموو کەس و کۆمەڵگەیەک لە کوردستان دەکرێت ئەوپەڕی گلەیی و ڕەخنەی هەبێت لە دەسەڵات و دەسەڵاتداران.. بەڵام دەبێت لە کۆتاییدا هەموومان وێڕای هەموو جیاوازییەکان شتێک بپارێزین و بەرگری لێ بکەین، دەبێت کۆکەرەوەی هەموومان نیشتمان بێت… نابێت کوردستان بکەینە قوربانی تووڕەیی و ناڕەزایی لە دەسەڵات و سیاسییەکان”.