ئەردۆغان لە وەڵامی ڕۆژنامەنووساندا لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، باس لە سەردانەکەی بۆ عێراق و هەرێم دەکات.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا لە سەردانەکەیدا، کە بڕیارە دوای ١٢ ساڵ لە ٢٢ی نیسان بۆ یەکەمجار بێتە عێراق، گرنگترین پرسەکانی ناو بەرنامەی کارەکەی ئاشکرا دەکات.
دوای کۆبوونەوەی حکومەت لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا، لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووساندا ئەردۆغان ڕایگەیاند، عێراق گرنگییەکی زۆر بە سەردانەکەمان دەدات، لە گرنگترین ئەو پرسانەی کە تاووتوێ دەکرێت، هەناردەکردنی نەوت و غازە بۆ تورکیا، لەگەڵ پرسی ئاو.
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەشکرد، بەدواداچوون بۆ داواکارییەکانی عێراق دەکرێت سەبارەت بە پشکی ئاو، هەوڵدەدەین ئەم کێشەیەیان لەگەڵ چارەسەر بکەین، لەگەڵ پرسی دەستکردنەوەی بە هەناردەی نەوت.
ئەردۆغان ئاشکراشی کرد، دوای کۆتاییهاتنی گفتوگۆکانیان لە بەغدا، ئەگەری هەیە سەردانی هەولێر بکەن.