بارزانی: هەوڵی لاوازكردنی هەرێمی كوردستان دەدرێت



سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پێشوازی باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق ڕایدەگەیەنێت، گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بریتیە لە پێشێلكردنی دەستوور و پابەندنەبوون بە ڕێككەوتنەكان و دەشڵێت: دیالۆگی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ باشترین ڕێگەیە بۆ چارەسەربوونی كێشەكان.

ئەمڕۆ سێ شەممە 16ی نیسانی 2024 لە سەڵاحەددین، مەسعود بارزانی پێشوازی لە پاتریك دوریل، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق كرد.

بەپێی ڕاگەیەنراوی بارەگای بارزانی، باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق خۆشحاڵیی خۆی نیشان دا بەوەی، كە لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان لەنێوان هەولێر و بەغدا دیالۆگ بەرقەرارە.

ئەوەشی خستەڕوو، كە فەڕەنسا هەموو كاتێك هاوسۆز و پاڵپشتی گەلی كوردستان دەمێنێتەوە و پێویستە مافەكانی گەلی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقێكی فیدڕاڵدا بپارێزرێن و وتیشی، “وڵاتەكەی دیالۆگ بە باشترین ڕێگە دەزانێت بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و هەروەها كێشە سیاسیەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان”.

لای خۆشیەوە، بارزانی ئاماژەی بە خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان دا لەپێناو گەیشتن بە ئازادی و سەروەری و مافە نەتەوەییەكان و ڕەتكردنەوەی جیاكاری و ستەم و جەختیشی لەوە كردەوە، “گرفتەكانی نێوان هەولێر و بەغدا بریتیە لە پێشێلكردنی دەستوور و پابەندنەبوون بە ڕێككەوتنەكان و هەروەها دروستبوونی مەترسی لەسەر پڕۆسەی دیموكراسی و هەوڵدان بۆ لاوازكردنی هەرێمی كوردستان، كە هەرێمێكی دەستووری و بەرهەمی قوربانیدانی دەیانساڵەی گەلەكەمانە”.

بارزانی بودجە و شایستە دارییەكانی هەرێمی كوردستانی بە “مافێكی سرووشتی خەڵكی كوردستان” لە قەڵەم دا و وتی، “بە هیچ شێوەیەك نابێ بكرێتە كارتێكی سیاسی و لەدژی هەرێم بەكار بهێندرێت”.

بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، بارزانی پشتیوانیی خۆی بۆ بەردەوامیی دیالۆگی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ ڕاگەیاند و بە باشترین ڕێگە بۆ چارەسەربوونی كێشەكان نێوان هەردوولای وەسف كرد.

لەبارەی هەڵبژاردنەكانی هەرێم، بارزانی تەئكیدی كردەوە، كە پارتی هەردەم ئامادەیە بۆ هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد، كە دەرئەنجامەكانی دەرخەری ئیرادەی ڕاستەقینەی دەنگدەرانی بێت و پێكهاتەكان بتوانن نوێنەرایەتی ویست و دەنگی خۆیان بكەن و دوور بێت لە دیزاینی پێشوەختە و گیروگرفتی یاسایی و تەكنیكی.

بارزانی دەشڵێت: “لایەنە سیاسییەكانی هەرێم لە چوارچێوەی ڕێزگرتن لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان و بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێم و ڕەچاوكردنی كولتوور و بەهاكانی دیموكراسی لە خزمەتی پاراستن و بەهێزكردنی هەرێمی كوردستاندا بن”.

کاریگەرییەکانی سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ ئەمریکا
پێت کاریگەرییەکانی سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ ئەمریکا
تەندروستی عێراق پەیامێك بۆ دایكان و باوكان دەنێرێت
دوات تەندروستی عێراق پەیامێك بۆ دایكان و باوكان دەنێرێت
پەیوەنیدر