پەرلەمانی عێراق یاسای خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان هەمواركرایەوە و مووچەكانیان زیادكرا و بەهۆی بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵیشەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم هاوتای عێراق دەكرێت و بەوەش خاوەنپێداویستییە تایبەتەكانی هەرێم مووچەیان زیاد دەكرێت.
دارا سێکانیانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان زیاد دەکرێت و مووچەكانیان لە (170) هەزارەوە دەکرێت بە (250) هەزارد دینار.
وتیشی، “لە كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر پڕۆژەی هەمواری یەکەمی یاسای خاوەن پێداویستی تایبەتی ژمارە ( 38 ) ساڵی (2013) درا، كە مووچەكەیان (170)هەزار دینار بوو، دوای خوێندنەوەی پڕۆژە یاساكە بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی پەڕلەمان مووچەكانیان كرا بە (250) هەزار دیناری عێڕاقی”.
جەختیشی كردەوە، هەمواری ئەم یاسایە دوای بڵاو بوونەوەی لە ڕۆژنامەی فەرمی وەقائیعی عێراقیە کاری پێدەکرێت .
لای خۆشیەوە، سامان حسێن، سكرتێری كۆمەڵەی كەمئەندامانی كوردستان ڕایگەیاند، “هیچ كەمئەندامێیك گەشبیین نەبێیت بە زیادكردنی مووچەكەی لە هەرێمی كوردستان، بەڵكو ئەو دڵسۆزییە شایستەی حكومەتی عێراقە وەك تاجێیك كردیە سەری خۆی”.
بەپێی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دەبێت مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم هاوتای مووچەخۆرانی عێراق بكرێت و مانگانە لەڕێگەی تەوتینەوە دابەش بكرێت.