وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، ژمارەیەك لە كاربەدەستانی پێنتاگۆن لە ئەمریكا هەڕەشەی بڕینی سەری كرێملنیان كردووە، لە ڕاستیدا ئێمە ئەوەی لێ تێدەگەین كە كۆتایهێنانی جەستەیی ڤلادیمێر پووتین سەرۆكی ڕووسیا بێت.
سێرگی لاڤرۆڤ بۆ ئاژانسی تاس ڕایگەیاند، هەندێك لە كاربەدەستانی پێنتاگۆن هەڕەشەی سەربڕینی كۆشكی كرێملن دەكەن، ئەوە بە واتای لێدان لە جەستەی پووتین دێت.
دەشڵێت: ئێمە هۆشداری دەدەین بە ئەوانەی بیر لەو بابەتە دەكەنەوە بە كردار، ئەمە سزای تووندی بەدواوە دەبێت.
وەزیری دەرەوەی ڕووسیا ڕاشیگەیاند، كیێڤ كاری وروژێنەر دەكات و ناتۆ داوای لە ئۆكراین كردووە، چەكی ئەتۆم دژی ڕووسیا بەكاربهێنێت، ئەمە بەزاندنی سنوورەكانە، كە جێگەی قەبوڵكردن نین.
پەرەسەندنەكانی نێوان ڕووسیا و ڕۆژئاوا زیاتر بوون، دوێنێ لە ئەنجامی كەوتنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوان لە بنكەیەكی ئاسمانی لە ڕۆژئاوای ڕووسیا، 3 سەربازی ڕووسیا كوژران، ئەمە هێرشێكی ئۆكراینی بوو بۆ نێو خاكی ڕووسیا.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری وەزارەتی بەرگری ڕووسیا بڵاویكردەوە، لە ئەنجامی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوان كە لە بنكەیەكی ئاسمانی لە ڕۆژئاوای وڵات كەوتووەتە خوارەوە، 3 سەرباز كوژراون، هاوكات مۆسكۆ هۆشدارییەكانی خۆی بۆ ڕۆژئاوا نوێكردەوە لە دەرئەنجامەكانی جەنگی جیهانی سێیەم و ڕایگەیاند جیهان لە لێواری جەنگی جیهانی سێهەمدایە.
وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ڕایگەیاند، لە نزیكەی كاتژمێر 01.35 بەكاتی مۆسكۆ، فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئۆكراینی لە بەرزایی نزم لەكاتی نزیكبوونەوەی لە فڕۆكەخانەی سەربازی ئەنگڵس لە ناوچەی ساراتۆڤ خرایە خوارەوە.