جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان هیوای خۆی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستان لە مانگی6ی ئەمساڵ نیشاندا، بەڵام ڕایگەیاند، پارتی دەتوانێت ببێتە هۆی “بەربەست” لەبەردەم پڕۆسەكەدا.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە وەڵامی پرسیاری (دەنگی ئەمریكا) سەبارەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا، ڕایگەیاند ، “من دەمەوێت هەڵبژاردن بكرێت. ئیشەڵا دەكرێت.”
قوباد تاڵەبانی ڕەتیكردەوە لەگەڵ بەرپرسانی پارتی ڕێككەوتن كرابێت لەسەر چارەنووسی ئەنجامدانی هەڵبژاردەكە و دەڵێت، “بۆ هەڵبژاردن یاسا هەیە، بڕیار هەیە، ڕێكار هەیە؛ ڕێككەوتنی ناوێت و نەبووە شتی وەها تا ڕێككەوین هەڵبژاردن بكەین.”
سەبارەت بە ڕۆڵی پارتی، جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، وتی، “ئەگەر پارتی بیەوێت بەربەست دروستبكات، بەربەستی پێ دروست دەكرێت، خۆ هێندە فەقیر نییە.”
تاڵەبانی دەڵێت: بودجە بۆ سێ ساڵ پەسەند كراوە و هاوسەنگیش هەیە و بودجە پەسەند كراوە و بەندەكانیشی ڕوون و ئاشكران، ئەوەی ڕوون نەبوو لە دادگا یەكلا كرایەوە، دادگای فیدڕاڵی بڕیاری دا، حكومەتی فیدراڵی ڕاسپێردراوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دابین بكات.
جەختیشی كردۆتەوە، “ئەمە كێشەیە شتێكی نوێ نییە لە نێوان هەرێم و بەغدادا، ئەم كێشەیە 10 ساڵ كۆنە، 10 ساڵە كوردستان كێشەی مووچە و بودجەی هەیە. لەگەڵ بەغدا، لە مانگی دووی ساڵی 2014 بەڕێز مالكی بودجەی هەرێمی بڕی 10 ساڵە”.
وتیشی ” لەم 10 ساڵەدا یەكترمان تەفرو تونا كرد ئێستا كە بەرەو چارەسەر دەڕۆین، كاتی دەوێت تا ئەم ڕێككەوتنە تۆكمەبێت.”