نێروەیی: چارەسەركردنی كێشەی مووچەخۆران گرنگە نەك “هەژماری من”



لێپرسراوی بۆردی ڕاگەیاندنی یەكێتی لە وتارێكیدا ڕایدەگەیەنێت، یەكێتی پەیامێكی فەرمی و شەفافی هەیە و لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دایە و نایەوێت دوابخرێت و دەشڵێت: “بەلای ئێمەوە هەژماری من بمێنێت یان نەمێنێت گرنگ نییە، بەڵكو ئەوەی گرنگە چارەسەركردنی كێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە”.

لەتیف نێروەیی، لێپرسراوی بۆردی ڕاگەیاندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە وتارێكیدا بەناونیشانی،”وەڵامدانەوەی پرسیارەكانی تایبەت بە هەڵوێستی یەكێتی”، وەڵامی سێ پرسیاری باوی ڕۆژ دەداتەوە، كە ئاڕاستەی یەكێتی كراون.

نێروەیی سەبارەت بە پرسیاری دواخستنی هەڵبژادرن و ڕێككەوتنی یەكێتی و پارتی دەڵێت، “بڕیاری دیاریكردنی ڕۆژی هەڵبژاردن ،یان بڕیاردان لەسەر دواخستنی وادەی هەڵبژاردنەكان بەدەست حزبەكانەوە نییە تاوەكو یەكێتی یان هەرحزبێكی دیكە ڕێككەوتن بكات، بەڵكو ئەو پرسە پەیوەستە بە سەرۆكی هەرێم و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانەوە”.

سەبارەت بە ڕێگری پارتی لە هەڵبژاردن، نووسیویەتی، “یەكێتی پەیامێكی فەرمی و شەفافی هەیە و لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد دایە و نایەوێت‌ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دوابخرێت، چونكە دواخستنی هەڵبژاردن لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستان و پرۆسەی دیموكراتی و سەقامگیریی سیاسی و مانەوەی قەوارەی هەرێمدا نییە، بەڵام هەر كێشە و گرفتێك لەو بوارەدا هەبێت كۆمسیۆن لێی بەرپرسیار دەبێت و هەوڵی چارەسەركردنی دەدات”.

سەبارەت بە هەڵوێستی یەكێتی بەرامبەر بە هەژماری من، كە ئایا پشتگیری لێدەكات، یان پشتگیری لە بڕیاری دادگای فیدراڵی دەكات؟ لەتیف نێروەیی ئاماژەی بەوەداوە، “لەسەر ئەم پرسەش یەكێتی هەڵوێستێكی رۆشنی هەیە، چونكە ئەوەی بە لای یەكێتییەوە گرنگە دابینكردن و دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و چارەسەركردنی ئەو كێشەیەیە بە شێوەیەكی ریشەیی و دادگای فیدراڵی رێكارێكی یاسایی بۆ یەكلاكردنەوەی ئەو پرسە دیاریكردووە و ئێمە رێز لە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی دەگرین”.

جەختیشی كردۆتەوە، بۆیە بەلای ئێمەوە هەژماری من بمێنێت یان نەمێنێت گرنگ نییە، بەڵكو ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە چارەسەركردنی كێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستانە.

 

سودانی و وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كۆبوونەوە
پێت سودانی و وەزیری دەرەوەی ئەمریكا كۆبوونەوە
ئێران کچە هونەرمەندێکی کورد دەستگیر دەكات
دوات ئێران کچە هونەرمەندێکی کورد دەستگیر دەكات
پەیوەنیدر