وەزارەتی دەرەوەی توركیا ڕایگەیاند، لەسەر هێرشەكەی پاریسی پایتەختی فەڕەنسا باڵیۆزی فەڕەنسایان بۆ ئەنقەرە بانگهێشت كردووە.
بە پێی سەرچاوە دیپلۆماسییەكان، وەزارەتی دەرەوەی توركیا ناڕەزایی خۆی بۆ هێرڤە ماگرۆ باڵیۆزی فەرەنسا دەربڕیوە لەبەرامبەر خۆپیشاندانی كوردانی فەڕەنسا لە كاردانەوەی هێرشی سەر ناوەندی كلتوری ئەحمەد كایا، كەتێیدا سێ كەس گیانیان لەدەستدا و سێ كەسی دیكەش بریندار بوون.
توركیا ئەو خۆپیشاندەرانەی بە لایەنگری “پەكەكە” زانیوە و دەڵێت، لە خۆپیشاندانەكاندا سوكایەتی بە توركیا كراوە.
توركیا نیگەرانە لەوەی بەشێك لە بەرپرسان و سیاسییەكانی فەڕەنسا تێكەڵاوی خۆپیشاندانەكان بوون، كە دژایەتی توركیایان تێدا كراوە.
ڕۆژی هەینی 23\12\2022، پیاوێكی تەمەن 69 ساڵ، هێرشی كردە سەر ناوەندی كلتوری ئەحمەد كایا لە پاریسی پایتەختی فەڕەنسا و بەو هۆیەوە 3 كەس گیانیا لە دەستداو سێ كەسی دیكە بریندار بوون.
میدیاكانی فەڕەنسا بڵاویانكردەوە، هێرشبەرەكە هاووڵاتییەكی خانەنشینكراوی كۆمپانیای هێڵی ئاسنی فەرەنسایە، پێشینەی هەیە لە دوو هەوڵی كوشتنی كۆچبەران كە لە ساڵانی ٢٠١٦ و ٢٠٢١دا ڕوویداوە.
ئەو هێرشە كۆمەڵگەی كوردی توڕە كرد، كوردەكان خۆپیشاندانیان ڕێكخست و دواتر ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ پۆلیس ڕوویدا، پۆلیسی فەڕەنسا لە كاتی بەشداریكردن لە خۆپیشاندانەكانی پاریس، ١١ كەسی دەستگیركرد.
دوای ڕووداوەكە، هێرشبەرەكە دەستگیركرا، لە نوێترین پێشهاتیشدا ئەوە بڵاوكرایەوە كە ئەو هێرشبەرە بە تاوانی “كوشتن” و “هەوڵدان بۆ كوشتن” بە دەستبەسەركراوی دادگایی دەكرێت.
بەپێی هەواڵی رۆژنامەكانی فەڕەنسا، ولیام م.-ی بەرەچەڵەك فەڕەنسیی تەمەن ٦٩ ساڵان، لەبەردەم دادوەری لێكۆڵینەوە دانی بە تاوانەكەدا ناوە.