دۆلار بەنزینیشی گران کرد



کەمی بڕی بەنزین و بەرزبوونەوەی دۆلار بوونەتە هۆکاری گرانبوونی بەنزین، بەجۆرێک بۆ هەر لیترێک بەنزینی نۆرماڵ ٥٠ دینار زیادیکردووە.

هاوردەکردنی بەنزین بۆ سلێمانی کەمی کردووە و لەگەڵ ئەوەی بەهای دیناریش بەرامبەر دۆلار دابەزیوە، هاوکات مامەڵەی کڕین و بازرگانی سوتەمەنی بە دۆلارە، بۆیە نرخی بەنزین گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە.

لە دوێنێ ئێوارەوە، نرخی بەنزین زیادیکردووە، بەجۆرێک نۆرماڵ ٥٠ دینار زیادیکردووە و ئێستا بە هەزار و ٢٥ دینارە، موحەسەن لە هەزار و ١٧٥ دینارەوە بووە بە هەزار و ٢٠٠ دینار، هاوکات سۆپەریش لە هەزار و ٣٠٠ دینارەوە بووە بە هەزار و ٣٢٥ دینار.

ئەم بەرزبوونەوەیە لە کاتێکدایە ماوەی هەفتەیەکە بەردەوام بەهای دۆلار بەرامبەر دینار بەرزبووەتەوە، بەهمەن قادر، وتەبێژی بەنزینخانەکانی سلێمانی لە لێدوانێکدا بۆ (خەڵك) بەشێک لە هۆکاری بەرزبوونەوەی نرخەکەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی بەنزین بە دۆلارە، لە کاتێکدا بۆ هاووڵاتیان بە دینارە، هەر لیترێکیش ١٠٠ دینار زیادیکردووە، بەڵام ئەوان بۆ ٢٥ دیناریان زیادکردووە.

پارێزگای سلێمانی ڕۆژانە پێویستی بە دوو ملیۆن و ٥٠٠ هەزار لیتر بەنزین هەیە، نزیکی ملیۆنێکی بە بەنزینەکەی حکومەتی هەرێم کە ٦٩٠ و ٨٠٠ دینارییەکەیە پڕدەکرێتەوە، بەڵام ئەو بەشەی دیکەی بەپێی وتەکانی بەهمەن قادر ئێستا کەمیکردووە، بڕی پێویستیان بە دەستناگات.

هاوکات لە کاتێکدا پێشتر لە باشووری عێراقەوە بڕێک لەو بەنزینەیان پێدەگەیشت، بەڵام ئێستا ڕێگانادرێت ئەو بڕە بەنزینە بێتە هەرێمی کوردستان، لەبەرئەوە کێشە کەمی بەنزین سەریهەڵداوە.

ئەو بەنزینەی لە حکومەتی هەرێمەوە دابەشدەکرێت بە ٦٩٠ دینار و ٨٠٠ دینار شۆفێران گلەییان لە کوالێتیتیەکەی هەیە، وتەبێژی بەنزینخانەکان ئەوەی خستەڕوو ئەو بەنزینە بەپێی مەرج و کوالێتییەکەی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی گونجاوە و ئۆکتانەکەی ٨٨ە، بەڵام بەنزینە بازرگانییەکە ئۆکتانەکەی ٩٢ کەمتر نییە، بۆیە کوالێتیەکەی باشترە.

 

 

 

 

 

تاڵیبان گەڕایەوە سەر پلێتەكەی خۆی
پێت تاڵیبان گەڕایەوە سەر پلێتەكەی خۆی
لەسەر هێرشەكەی پاریس، توركیا بانگهێشتی باڵوێزی فەڕەنسا دەكات
دوات لەسەر هێرشەكەی پاریس، توركیا بانگهێشتی باڵوێزی فەڕەنسا دەكات
پەیوەنیدر