ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، لەسەر رووداوەکەی شەوی رابردووی گوندی شەوەک لە کۆمەڵگای مەلا ئۆمەر 10 تۆمەتباریان دەستگیرکردووە.
لە روونکردنەوەیەکدا ئاسایشی بڵاویکردووەتەوە، دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو لە گوندی شەوەکی کۆمەڵگای مەلائۆمەر لە شاری هەولێر لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی شەڕ لەنێوان دوو بنەماڵەدا ڕوویدا و بە چەک ڕووبەڕوی یەکتر بونەوە، لەسەر فەرمانی وەزیری ناوخۆ دەستبەجێ لە لایەن هێزەکانی (ب.ئاسایشی هەولێر و ب.پۆلیسی پارێزگای هەولێر) دەستمان کرد بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە ، لەسەر فەرمانی دادوەری لیکۆلینەوەی ئاسایشی هەولێر توانیمان( 10 )تۆمەتباری سەرەکیی ئەو ڕووداوە دەستگیر بکەین.
ئاسایشی هەولێر دەشڵێت:” هەروەها سەرجەم قوولە سەربازییەکانی گوندی شەوەک تێکدران، خۆشبەختانە لەم ڕوداوەدا هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتووەتەوە و هەموو لایەکیش دڵنیا دەکەینەوە کە دابینکردنی ئاسایش و ئارامیی هەولێر و هاووڵاتییان بە ئەرکی سەرشانمان دەزانین و هەرکەسێک کارێکی نایاسای ئەنجام بدات ڕوبەڕوی یاسای دەکەینەوە”