پارێزگاری هەولێر ڕایدەگەیەنێت، لە ڕێی جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکەوە مەترسی لافاویان لەسەر شارەکە کەم کردووەتەوە.
ئەمشەو ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، بە هۆی کاریگەری گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا و بارانی بەهارەوە، ناتوانرێت بە وردی پێشبینی بڕی باران بکرێت و وتیشی: “بە پێی پێشبینی کەشوهەوا نەدەبوو ئەو بارانە ببارییایە کە (ئەمشەو) باری”.
ئەوەشیخستەڕوو کە دوێنێش شەویش پێشبینی بارینی 10-12 ملیم دەکرا، بەڵام 37.5 ملیم باران باری.
پارێزگاری هەولێر ڕاشیگەیاند ئەو پرۆژانەی وەک دروستکردنی ئاوەڕۆ و پۆندەکان و کردنەوەی ڕێڕەوە سروشتییەکان ئەنجام دراون، کاریگەرییان لەسەر کەمکردنەوەی مەترسی لافاو لەسەر هەولێر هەبووە.
ئومێد خۆشناو وتیشی: “ڕۆژی 17/12/2021 بە دوو کاتژمێر و 10 خولەک، 17 ملیم باران باری و 10 کەس گیانیان لەدەستدا، بەڵام دوێنێ شەو 37.5 ملیم باری و هیچ ڕووداوێکی نەخوازراوی لێ نەکەوتەوە”.
ئاماژەشیدا بەوەی هێشتا پێنج شوێن لە هەولێردا ماون وەک خاڵی لاوازی بۆ دروستبوونی لافاو دەستنیشانکراون، لە کاتی بوونی بودجەی پێویست ئەوەش چارەسەر دەکەن.