ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان هەستی بەرپرسیارێتی هاووڵاتیان بەرز دەنرخێنێت، كە لەگەڵ سەختی و دژواری دۆخەكەدا هەرگیز دەستیان نەبرد بۆ رێكاری نایاسایی و ئامرازی پشێوی نانەوە لە كاتێكدا چەندین مووچەیان فەوتابوو و دەشڵێت: ” جەژنەكەمان بووە بە دوو جەژن”.
سەڵاحەدین بەهادین، ئەمینداری یەكگرتوو لە پەیامی پیرۆزبایی جەژنی ڕەمەزاندا ئاماژەی بەوەكردووە، جەژنەكەمان لە كاتێكدایە، كە سوپاس بۆ خودا تاڕادەیەك كێشەی مووچە و بژێوی هاووڵاتیان و مووچەخۆران بەرەو كەناری سەقامگیری ڕۆیشتووە و جەژنەكەمان بووە بە دوو جەژن بە بۆنەی گەرانەوەی بەشێك لە مافە زەوتكراوەكانەوە.
ڕاشیگەیاندووە، جێگەی خۆیەتی خۆڕاگری و هەستی بەرپرسیاریەتی هاوڵاتیان بەرزبنرخێنم كە لەگەڵ سەختی و دژواری دۆخەكەدا هەرگیز دەستیان نەبرد بۆ رێكاری نایاسایی و ئامرازی پشێوی نانەوە لە كاتێكدا چەندین موچەیان فەوتابوو.
دەشڵێت: جێگەی خۆیەتی زۆر سوپاسی كۆشش و هەوڵە یاسایی و پیشەییەكانی تیمی پارێزەرانی یەكگرتوو و پارێزەری راوێژكار بەرێز ( بەكر حمەصدیق ) بكەم، كە بەسەلیقەی جوان و لێزانین و كۆڵنەدان توانیان كەیسی مووچەی مووچەخۆران و خانەنشینانی هەرێم لەو گێژاو و دەستی دەستیە دەربهێنن و بیگەیەننە كەناری سەقامگیری و مسۆگەری،. سوپاسی ئەوان و سەرجەم هەوڵ و كۆششی هەر مافخواز و چالاكوانێك كە بەوشەیەك بوبێ هاوكار و داكۆكیكاربوون.
جەختیشی كردۆتەوە، لە كۆتایی ئەم مانگە پیرۆزەدا دەمەوێ سوپاس و دەستخۆشی لە هەڵمەتی خێرخوازی رێكخراوەكانی یەكگرتوو بە تایبەت و گشت رێكخراو و كەسە خێرخوازەكان بكەم كە خەمی هەژاران و بێ نازانی نازدارانیان خوارد و كەمپینی كۆمەكیان دانا بۆ ئەم مەبەستە.