سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی جەژنی ڕەمەزانی پیرۆزەوە پەیامی پیرۆزبایی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند، سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژی خەڵكی كوردستان دەكەم، كە هاوكار و یارمەتیدەرمان بوون لە تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە ئابوورییەی ڕووبەڕوومان بووەوە.
مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە پەیامەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، بابەتی مووچە كە مافێكی ڕەوا و دەستووری خەڵكە ، تێكەڵی هیچ كێشە و ناكۆكی و ململانێیەكی سیاسی نەكرێت و فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمیش، مانگانە بە شێوەیەكی ئاسایی، لە ڕێگەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە مووچەكانیان وەربگرن.
دەقی پەیامەكەی:
بە بۆنەی هاتنی جەژنی پیرۆزی ڕەمەزانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت موسڵمانانی كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم، بە تایبەتی پیرۆزبایی لە پێشمەرگە قارەمانەكان و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و كەسوكار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوان دەكەم .
هیوادارم جەژن ببێتە مایەی خۆشی و شادی و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵكی كوردستان و كۆتاییهاتنی هەموو شەڕ و ناخۆشی و نەهامەتییەك لە جیهان.
سوپاسی خۆڕاگری و پشوودرێژی خەڵكی نیشتمانپەروەری هەرێمی كوردستان دەكەم كە هاوكار و یارمەتیدەرمان بوون لە تێپەڕاندنی ئەم دۆخە سەختە ئابوورییەی ڕووبەڕوومان بووەوە. هیوادارم ئەو ڕێككەوتن و لەیەكتێگەیشتنەی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدراڵ لەبارەی مووچە و شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان دروست بووە، بەردەوام بێت و لەمەودوا، بابەتی مووچە كە مافێكی ڕەوا و دەستووری خەڵكە ، تێكەڵی هیچ كێشە و ناكۆكی و ململانێیەكی سیاسی نەكرێت و فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمیش، مانگانە بە شێوەیەكی ئاسایی، لە ڕێگەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە مووچەكانیان وەربگرن.
هەروەها ئومێد دەكەین ئەم پێشكەوتن و هەنگاوانە، ببنە دەستپێكێك بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی دیكەش و هەموو ئەو گرفتانەی ماون بە لەیەكتێگەیشتن و پابەندبوون بە دەستووەرەوە، چارەسەر ببن.
جەژنتان پیرۆز و خوای مەزن كوردستان بپارێزێت.
مەسرور بارزانی
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان