ئەندامێکی یەکێتی زانایانی ئیسلامیی کوردستان ڕایدەگەیەنێت ساڵانە زیاتر لە 10 ملیار دینار سەرفیترە و فیدیە هەیە لە کوردستاندا و ئەگەر بەشێوەیەکی دروست کۆبکرێتەوە، دەتوانرێت ساڵانە 500 تا هەزار خێزان لە هەژاری ڕزگار بکرێن.
مەلا عەبدوڵا شێرکاوەیی، ئەندامی یەکێتی زانایان لە وتارێکدا کە لە سایتی ڕێکخراوەکە بڵاوکراوەتەوە ڕایگەیاند بە پێی خەمڵاندن ساڵانە پتر لە 10 ملیار دینار زەکاتی سەرفیترەو فیدیە لە کوردستان هەیە.
ڕوونیشیکردەوە، ئەگەر کوردستان 6 ملیۆن کەس بێت، لەناو ئەم رێژەیە (95%) موسڵمانە، لای کەمی وەربگرین دەکاتە 4 ملیۆن کەس، کە ساڵانە لەگەڵ هاتنی مانگی رەمەزان سەرفیترە دەدات، ئەمساڵ بۆ هەر نەفەرێک (دوو هەزارو 500 دینار) دیاریکراوە، کەواتە چوار ملیۆن زەڕبی 2500 بکەیت دەکاتە 10 ملیار دینار، ئەمە وێڕای سەدان ملیار دینار زەکاتی پارەو زێڕو زیوو بابەتەکانی تر.
مامۆستا ئایینییەکە ئاماژە دەدات بەوەی سەباری ئەو پارە زۆرەی سەرفیترە و فیدیە و زەکات، “کەچی لە ئاست ئەو بڕە پارە زەبەلاحە، کەمتر هەست بە گۆڕانکاری دۆخی هەژاران دەکرێت”.
مەلا عەبدوڵا شێرکاوەیی یەکێک لە هۆکارەکانی سوودوەرنەگرتنی تەواو لەو زەکاتە دەگێڕێتەوە بۆ، “نەبوونی سندوقی زەکات و لیژنەیەکی پاک و نموونەیی بۆ سەرپەرشتی و کۆکردنەوەی داهاتی زەکات و بەشینەوەی بەسەر هەژاران بە سیستەم و شێوەیەکی رێکوپێک و لە ئاست خواست و مەبەستە باڵاکانی شەریعەتی پیرۆزی ئیسلام”.
لەو بڕوایەشدایە ئەگەر زەکات بەو شێوەیە کۆبکرێتەوە و دابەش بکرێت، لانیکەم ساڵانە 500 تا هەزار ماڵی کەمدەرامەت لە نەداری و هەژاری رزگار دەکرێن.