لەگەڵ ئەوەی لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پشووی فەرمییە، بەڵام ئەو بانکانەی مووچەیان تێدا دابەش دەکرێت دەوام ئاساییە و پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئادار بەردەوامە.
ئەمڕۆ سێشەممە، شۆخان عومەر، بەڕێوەبەری بانکی مەڵکەندی لە سلێمانی بۆ تۆڕی میدیایی خەڵک ڕایگەیاند، ئێمە وەک بانکەکەمان زیاتر لە ٧٠ هەزار مووچەخۆرمان لایە کە بێن و مووچە وەربگرن، لە ماوەی هەفتەیەکدا دەبێت ١٤٠ هەزار مووچەخۆر مووچە وەربگرن، ئەمڕۆش قەرەباڵغییەکی بەرچاو لە نوسینگەکانمان هەیە و دابەشکردنی مووچە بەردەوامە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە ڕۆژی یەکەمی دابەشکردنی مووچە زیاتر لە ٢٢ هەزار مووچەخۆرمان بەڕێکردووە، ڕۆژەکانی دیکەش ١٨ بۆ ٢٠ هەزار مووچەخۆرمان بەڕێکردووە، تا ئێستاش مووچەخۆر ماوە کە بێت مووچە وەربگرێت.
وتیشی، ئێمە چەندین ڕۆژە سەرقاڵی دابەشکردنی مووچەین، لە کاتی خۆمان زیاتر ماوینەتەوە، تەنانەت ئەمڕۆ کە پشووە ئێمە سەرقاڵی بەڕێکردنی مووچەخۆرەکانیان، ئێستا زیاتر لە ٢٠٠ مووچەخۆری لێیە کە چاوەڕوانی وەرگرتنی مووچەکانیانن، کە چۆڵ بوو ئێمەش دایدەخەین دەڕۆینەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە ئێوارەی دوێنێ وهزارهتی دارایی و ئابووری حكوومهتی ههرێمی كوردستان لە بارەی بەردەوامی دابەشکردنی مووچە راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، ڕۆژی سێشەممە کە دەکاتە 9ی نیسان پشووی فەرمییە، بەڵام دەوامی سەرجەم ئەو بانکانە ئاسایی دەبێت کە ئەرکی دابەشکردنی مووچەیان لە ئەستۆدایە، تاكو سەرجەم مووچەخۆران و فەرمانبەران مووچەکانیان وەربگرن.