وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی سەبارەت بە لێخۆشبوونی 20%ی قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەر هاووڵاتییان لەگەڵ كرێی ئاو و خاشاك و ڕسوماتی پیشەیی و هەڵواسینی تابلۆ و گەشتوگوزار خستە بواری جێبەجێكردنەوە.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە نووسراوێكدا، بۆ گشت فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییەكانی، بڕیاری داوە بە جێبەجێ كردنی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم، كە بە ژمارە (4651 لە 7/4/2024) دەرچووە لێخۆشبوون بە ڕێژەی 20% لە قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەر هاووڵاتییان و كرێكانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار.
لە گشتاندنەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاردا هاتووە: بە ڕێژەی 20% لێخۆشبوون لە قەرزە كەڵەكەبووەكانی سەر هاووڵاتییان دەكرێت، وەكو كرێی ئاو، خۆڵ و خاشاك، كرێی ساڵانەی كرێچییەكانی فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕسوماتەكانی گەشتوگوزار و پیشەیی و هەڵواسینی تابلۆ.
لە خاڵی دووەمدا هاتووە: بە ڕێژەی 20% لێخۆشبوون دەكرێت لە كرێی ئاو، خۆڵ و خاشاك، كرێی ساڵانەی كرێچییەكانی فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، ڕسوماتەكانی گەشتوگوزار و پیشەیی و هەڵواسینی تابلۆ، تاوەكو ئاساییبوونەوەی بارودۆخی ناهەمواری دارایی لە هەرێمی كوردستان.
بەپێی گشتاندنەكەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بڕیاری لێخۆشبوون بە ڕێژەی 20% لە بەرژەوەندیی گشتیی هاووڵاتییان لەمڕۆوە (8/4/2024) لە سەرجەم فەرمانگەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان كاری پێویستی لەسەر دەكرێت و جێبەجێ دەكرێت.