مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژكاری دارایی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق، هۆكاری بەرزبوونەوەی نرخی خەرجی دۆلار لە بازاڕەكانی ناوخۆدا ئاشكرا دەكات و جەخت لەسەر توانا داراییەكانی عیراق دەكاتەوە لەڕووی جێگیربوونی نرخی خەرج و پێیوایە مەترسی لەسەر نییە.
ئەمڕۆ دوو شەممە، ساڵح لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند”بەرزبوونەوەی نرخی خەرجی دۆلار لە دەرەوەی بانكی ناوەندی، هۆكارەكەی ناوخۆیی و دەرەكییە، هۆكارە ناوخۆییەكان پەیوەندییان بە نەختینەی دۆلارەوە هەیە كە لەلایەن بانكی ناوەندییەوە دەخرێتە بازاڕ و ساڵانە دەگاتە نزیكەی 10 ملیار دۆلار، ئەمەش بە ژمارەیەكی گەورە بۆ پێداویستی بازاڕەكانی ناوخۆ دادەنرێت”.
بە وتەی ڕاوێژكارەكەی سودانی”سیستمی دارایی نێودەوڵەتی ڕێڕەوێكی تری گرتۆتەبەر لەڕووی پابەندكردن و دیسپلینكردنی جوڵەی دارایی بە دراوی دۆلار لە مامەڵە و حەواڵە دەرەكییەكان، ئەمەش بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە، لەوانە جەنگی ئۆكراینا و ململانێكانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست”.
مەزهەر محەمەد ساڵح دەڵێت”حكومەت هەموو هەوڵەكانی دەخاتەگەڕ بۆ سەقامگیریی ئابوری، لە هەمان كاتدا یەدەگی فەرمی وڵات لە بەرزترین ئاستدایە و لە 100 ملیار دۆلار نزیكدەبێتەوە كە بە گەورەترین یەدەگ لە مێژووی دارایی عیراقدا دادەنرێت”.
سەرلەئێوارەی ئەمڕۆ دوو شەممە، نرخی دۆلاری ئەمریكایی بەرامبەر بە دیناری عیراقی بەشێوەیەكی نائاسایی ڕووی لە بەرزبوونەوە كرد و نرخی 100 دۆلار 158 هەزار دیناری تێپەڕاند، ئەمەش بەشێوەیەكی نەرێنی كاریگەریی لەسەر نرخی كاڵا و پێداویستی ڕۆژانەی هاووڵاتیان دروست دەكات و دەبێتە مایەی بەرزبوونەوەیان لە بازاڕەكاندا.